سوپای ئیسرائیل: لە غەززەوە چەند هێرشێکی موشەکی ئەنجامدراوە

test
شوێنەواری یەکێک لە بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە فۆتۆ: AP

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە غەززەوە چەند موشەکێک ئاڕاستەی خاکی وڵاتەکەی کراوە و ژمارەیەکیان سنووری ئیسرائیلیان بەزاندووە.

سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، دوانیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە، چەند موشەکێک لە غەززەوە ئاڕاستەی ئیسرائیل کراون و بەهۆیانەوە زەنگی ئاگادارکەرەوە لەناوچەی رەیم لێدراوە.

سوپای ئیسرائیل دەشڵێت: یەکێک لەموشەکەکان بەرەو قوڵایی وڵاتەکەیان ئاڕاستەکراوە و خراوەتە خوارەوە، هێرشەکەش هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە.

بەرەبەيانی ئەمڕۆ يەکشەممە، سوپای ئيسرائيل نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە کەرتی غەززە بۆردوومانکرد و کارەکانی نەخۆشخانەکەی راگرت، هاوکات ئەو شوێنانەی کەرتەکە کراونەتە ئامانج، کە سیستمی وزەی خۆریان بۆ پەیداکردنی کارەبا بەکارهێناوە.

فەرمانگەی راگەیاندنی حکومەت لە غەززە ئاماژەی بەوەکردووە، هێرشەکە زیاتر لە چوار هەزار ماڵ و دامەزراوەشی کردووەتە ئامانج کە پانێڵی وزەی خۆريان داناوە بەمەبەستی لەناوبردنی ئەو سەرچاوە جێگرەوەيە کە فەڵەستينييەکان بۆ دەستکەوتنی کارەبا بەکارياندەهێنا.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شيفا لە کەرتەکە رايگەياندووە، سەدان بريندار گەيەندراونەتە نەخۆشخانەکە و بەهۆی نەبوونی جێگە و تواناوە بەشێکی زۆريان لە دەرەوەی نەخۆشخانەکە ماونەتەوە.

پاش هێرشەکە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، هێرشەکەی بە چەکی زۆر ورد ئەنجامداوە، کە هەڵە ناکات لە پێکانی ئامانجەکانی.

دەشڵێت، لەناو نەخۆشخانەکەدا بارەگای چەکدارانی حەماس بوونی هەبووە، بۆیە بۆردوومانکراوە.

بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی راگەيەندراوێکی لەبارەی هێرشەکەوە بڵاوکردەوە و رايگەياندووە، ئيسرائيل تاوانێکی قێزەونی دژبە نەخۆشخانەی مەعمەدانی ئەنجامداوە.

راشيگەياندووە، ئەم هێرشە بەشێکە لە زنجیرەیەک هێرشی ئيسرائيل کە نەخۆشخانە و ناوەندەکانی خوێندن و پەناگەکان لە غەززە دەکاتە ئامانج.