شاندى یەکێتى و پارتى بۆ دابەشکردنى پۆستەکان کۆدەبنەوە

بڕیارە رۆژى سێشەممەى داهاتوو شاندى باڵاى دانوستانکارى یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان لە پیرمام کۆببنەوە و گفتوگۆ لەبارەى دابەشکردنى پۆستەکانى کابینەى دەیەم بکەن.
بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، لە کۆتا کۆبوونەوەى شاندى دانوستانکارى هەردوولا، بڕیاردراوە رەشنوسى دیدگاى هاوبەشى یەکێتى نیشتمانى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان کە لەسەرى رێکەوتوون، لەگەڵ دابەشکردنى پۆستەکان بکرێتە یەک پاکێج و دواى یەکلاییکردنەوە و رێککەوتن لەسەر پۆستەکان دیدگا هاوبەشەکە واژۆبکرێت.
لە دووەمین کۆڕبەندى کارسازى و داهێنان قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ى راگەیاند، گفتوگۆ بۆ پێکهێنانى حکومەت ئەمجارە جیاوازە لە پێشترو زۆرترین گفتوگۆ لەسەر شێوازى حکومڕانى داهاتوو کراوە.
رۆژى 16ئازار بافڵ جەلال تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان و مەسرور بارزانى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان کۆبوونەوە، لە پاش کۆبوونەوەکە بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتى، "کۆبوونەوەکەمان زۆرباش بووە و ئامانجى هەردووکمان ئەوەیە بە زووترین کات حکومەتێک دروستبکەین بۆ خزمەتى میللەتەکەمان".
لاى خۆیەوە مەسرور بارزانى، وێراى بەخێرهێنانى بافڵ جەلال تاڵەبانى رایگەیاند، پێشکەوتنى زۆر باش، تێگەیشتنى زۆر باش پەیوەست بە پێکهێنانى حکومەت هەبووە و هیواى خواست تیمەکانیش بتوانن هەر بەو رۆحیەتە بگەنە رێککەوتنێکى تەواو لەسەر پێکهێنانى حکومەت لەکاتێکى نزیکدا .