ئەتلەتیکۆ مەدرید تەنیا نازناوی لالیگای بۆ ماوەتەوە

دوای ئەوەی یانەکانی بەرشلۆنە و ریاڵ مەدرید لەم هەفتەیەدا بە زەحمەت بردنەوەیان بەرامبەر رکابەرەکانیان بەدەستهێنا، ئەمشەویش ئەتلەتیکۆ بە ئامانجی بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکە و خۆ نزیککردنەوە لە پێشەنگ رووبەڕووی ڤەلەدوەلید دەبێتەوە.
ئەتلەتیکۆ مەدرید بە کۆکردنەوەی 60 خاڵ پلەی سێیەمی ریزبەندیی گرتووە، کە شەش خاڵی لەگەڵ ریاڵ مەدریدی دووەم و 10 خاڵیشی لەگەڵ بەرشلۆنەی پێشەنگ جیاوازە.
کوڕانی دیێگۆ سیمیۆنی ئەمشەو کاتژمێر 22:00 بەکاتی هەرێمی کوردستان، لە یاریگای میترۆپۆلیتانۆ میوانداریی ڤەلەدوەلید دەکەن.
رۆخی بلانکۆس، لەم وەرزەی لالیگا، لە 30 یارییدا، 17 بردنەوە، نۆ یەکسانبوون و چوار شکستی تۆمارکردووە.
تەنیا نازناو کە بۆ تیمەکەی دیێگۆ سیمیۆنی ماوەتەوە، لالیگایە، ئەویش دەبێت سەرجەم ئەم یارییانەی ماویانە بردنەوە بەدەستبهێنن و پێش بەرشلۆنە و ریاڵ مەدرید بکەون، کە تاوەکو رادەیەک قورسە.
لە بەرامبەردا ڤەلەدوەلید، بە 16 خاڵەوە کۆتا پلەی ریزبەندیی گرتووە و وەرزی داهاتوو دادەبەزێتە خولی پلەیەکی ئیسپانیا.
ڤەلەدوەلید تەنیا چوار بردنەوەی تۆمارکردووە، لە بەرامبەردا چوار یەکسانبوون و 22 شکستی هەیە.
دیێگۆ سیمیۆنی راهێنەر لەم یارییە لە تواناکانی ئەنخێل کۆریا، دی پاوڵ و ساموێل لینۆ بێبەشدەبێت.
پێکهاتەی پێشبینیکراوی ئەتلەتیکۆ:
ئۆبلاک
گالان، لێنگلێت، خیمینێز، لۆرێنتی
گالاگەر، باریۆس، کۆکی، سیمیۆنی
ئەلڤارێز، گریزمان
پێکهاتەی پێشبینیکراوی ڤەلەدوەلید:
فێرێرا
کاندێلا، کۆمێرت، ئۆزکاچار، ئازنو
ئەنوەر، یوریچ، نیکیچەر، مۆرۆ
سیلا، لاتاسا
