سودانی: ئەنفال رەگەزپەرستی بەعسى بەرامبەر گەلی کورد دەرخست

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیامی ساڵیادی ئەنفالدا جەختی لەوەکردەوە کە شاڵاوەکانى ئەنفال دەرخەری رەگەزپەرستی و تاوانەکانی دەسەڵاتى بەعسە دژ بە گەلی کورد.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تۆڕی ئێکس لە ساڵیادى ئەنفالدا نووسیوویەتى، "عێراقییەکان بەئازارەوە یادی تاوانەکانەکانی ئەنفالی بەدناو و ئەو کۆمەڵکوژییە دڕندانە دەکەنەوە، کە بەر لە 37 ساڵ دژ بە گەلی کوردمان ئەنجامدراوە".
سودانى دەڵێت، "ئەم تاوانە قێزەونە رووخساری ناشرین و رەگەزپەرستانەی رژێمی پێشووی دژ بە گەل و هێزە نیشتمانییەکان ئاشکرا کرد".
سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆچوونى وایە، ئەمڕۆ برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە بەسەر رق و کینەدا سەردەکەوێت، کە بە گوتەى ئەو "رژێمی بەعسی سەدام هەوڵیدا لەناو توێژ و چەشنە جیاوازەکانی گەلەکەماندا بیچێنێت".
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، ئێستا ستەمکاری و ئەو مێژووە تاریکە کۆتاییهاتووە، عێراقییەکان پێکەوە لەسەر رێگای بنیادنانەوە، گەشەپێدان و بەرزکردنەوەی پێگەی یەکگرتووی وڵاتەکەیان بەردەوامن.