وەستانی پشتیوانییە داراییەکانی ئەمریکا بووەتە هەڕەشە بۆسەر ژیانی ملیۆنان منداڵ

کەناڵ8- سلێمانی
چالاکانی بواری چارەسەری بەدخۆراکی ئاماژە بە کارەساتێک دەکەن کە دەبێتەهۆی مردنی ملیۆنان منداڵ، ئەوەش لە ئەنجامی وەستاندنی بەخشینە داراییەکانی ئەمریکا بۆ رێکخراوە مرۆڤدۆستەکان.
ئادلین لیسکان، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نیوتری سێت تایبەت بە دروستکردنی خۆراکەکانی چارەسەری بەدخۆراکیی ناسراو بە پڵەمپی نەت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە "هەرگیز تووشی کارەساتی لەمجۆرە نەبووینەتەوە، چەندین داواکاریی کڕینی بەرهەمەکانمان هەڵوەشێنراونەتەوە".
پلەمپی نەت چارەسەرێکی کارای بەدخۆراکییە و لەساڵی 1999 وە وەکوو رێگەیەکی خۆراکیی کارا بەکاردەهێنرێت و رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور دەڵی بەهۆی ئەم چارەسەرە خۆراکییە ئامادەکراوانەوە ژمارەی ئەو منداڵانەی لە بەدخۆراکی رزگاردەکرێن بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردبوو، بەجۆرێک لە ساڵی 2000 ساڵانە 100 هەزار منداڵ لە بەدخۆراکی رزگاردەکران، کەچی ئێستا ساڵانە نۆ ملیۆن منداڵ رزگاردەکرێن.
کۆمپانیای نیوتریسێت بەرهەمەکانی خۆی بە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە ناحکومییەکان دەفرۆشێت و 50٪ی چارەسەرە خۆراکییە ئامادەکراوەکان هی ئەم کۆمپانیایەن.
لەپاش بڕیاری دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بە هەڵوەشاندنەوەی ئاژانسی ئەمریکا تایبەت بە پەرەپێدانی نێودەوڵەتی (USAID)، پێشکەوتنەکان لە چارەسەری بەدخۆراکی کەوتوونەتە بەر مەترسی، چونکە ئەمریکا بەخشەری هەرە سەرەکی بوو بۆ چەندین رێکخراوی مرۆیی، وەکوو: بەرنامەی خۆراکی جیهانی (33٪)، رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانی (15٪) ، یونیسێف (16٪) و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (14٪).
ئادلین لیسکان دەڵێت لەگەڵ هەڵوەشاندندوەی کتوپڕی ئاژانسی ئەمریکا تایبەت بە پەرەپێدانی نێودەوڵەتی (USAID)، فرۆشی بەرهەمەکانی نیوتریسێت تووشی پاشەکشە بووە و مەحاڵە ئەوەش کە تاوەکو ئێستا دروستکرابوو بفرۆشرێت، چونکە ئیدی کڕیارەکان پارەی پێویستیان بەردەست نییە بۆ کڕینی بەرهەمەکانی نوتریسێت.