بەرشلۆنە ناوی راپەرێکی ئەمریکی لەسەر درێسەکەی دەنووسێت

یانی بەرشلۆنە بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای سپۆتیفای، کە لە 2022ـەوە سپۆنسەری سەرەکیانە، بەردەوامن لە بانگکردنی هونەرمەندە بەناوبانگەکانی جیهان.
سپۆتیفای ساڵانە پێشنیاری ناوی هەندێک لە هونەرمەندە بەناوبانگەکانی جیهان دەکات، بۆ ئەوەی ناوەکانیان لەسەر درێسی بەرشلۆنە بێت، بەتایبەت درێسی یارییە گرنگەکانی وەک کلاسیکۆ، جامی شا و پاڵەوانێتییەکان بە گشتی.
بۆ ئەمجارەش، لەنێوان تایلەر سویفت، ئێد شیران و تراڤیس سکۆت، لە کۆتاییدا بڕیاریاندا تراڤیس سکۆت، راپەری بەناوبانگی ئەمریکی هەڵبژێرن.
لە 26ـی ئەم مانگە، بەرشلۆنە بەم درێسەوە، یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر ریاڵ مەدرید ئەنجامدەدات.
موندۆ دیپۆرتیڤۆ دەشڵێت، تراڤیس سکۆت دەبێتە هێز بۆ درێسی کلاسیکۆی بەرشلۆنە و ئەگەری هەیە لە پشووی گێمی یەکەم، تراڤیس سکۆت، گۆرانی (FE!N) بڵێت کە یەکێکە لە گۆرانییە بەناوبانگەکانی.

تراڤیس سکۆت دەبێت شەشەم هونەرمەند کە ناوی لەسەر درێسی بەرشلۆنە دەبێت، پێشتریش هەریەکە لە گۆرانیبێژان، کارۆل جی، درەیک، رۆلینگ ستۆن، رۆزالیا و کۆڵد پلەی ناویان لەسەر درێسی یانە کەتەلۆنیەکە بووە.
