ئۆزەل:10 ملیۆن واژۆ بۆ ئازادیی ئیمامئۆغڵو کۆکراوەتەوە

test
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی ئیستانبوڵ

ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی کۆماریی گەل (جەهەپە) جارێکی دیکە دەسەڵاتی ئاکپارتی لە تورکیا بە کودەتاچی ناوبرد و ئاماژەی بەوەکرد تاوەکو ئێستا 10 ملیۆن واژۆ بۆ ئازادکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کۆکراوەتەوە.

لە میانی گردبوونەوەیەکی جەماوەرییدا لەژێر ناونیشانی "گەل خاوەنداریی لە ئیرادەی دەکات" لە سامسونی باکووری تورکیا ئۆزگور ئۆزەل گوتەیەکی پێشکەشکرد و جارێکی دیکە هێرشی کردە سەر دەسەڵاتی ئاکپارتی و بە کودەتاچی ناویبرد.

ئۆزەل گوتیشی: "دەسەڵات پشتی بە ئەمریکا ئەستوورە بەڵام ئێمە پشت ئەستوورین بە گەلی خۆمان"، باسی لەوەشکرد دەستگیرکردن و زیندانیکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی دوورخراوەی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ و بەربژێری جەهەپە بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار بە مۆڵەتی واشنتن بووە.

سەرۆکی جەهەپە باسی لەوەکرد ئەگەر بێت و ئەوان دەسەڵات بگرنە دەست، گرتووخانەی سیلیڤری کە ئێستا ئیمامئۆغڵوی تێدا زیندانیکراوە، دەکەنە مۆزەخانەی ئازادی.

ئۆزگور ئۆزەل ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەڵمەتی واژۆکۆکردنەوە بۆ ئازادکردنی لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەستیانپێکردووە تاوەکو ئێستا 10 ملیۆن کەس بەشدارییان کردووە.

جەهەپە بڕیاریداوە چوارشەممەی هەموو هەفتەیەک لە ناوچەیەکی ئیستانبوڵ و یەکشەممان لە پارێزگا جیاجیاکانی تورکیا گردبوونەوەی جەماوەریی رێکبخات.