رۆژى هەینى شاندی ئیمراڵی و وەزیری دادی تورکیا کۆدەبنەوە

test
شاندی ئیمراڵی لەکاتی خوێندنەوەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دا

لەچوارچێوەی ئەو پرۆسەیەدا کە بە پرۆسەی چارەسەریی ناودەبرێت و دەسەڵاتی تورکیا بە تورکیای بێ تیرۆر ناوی دەبات، شاندی ئیمراڵی رۆژی هەینی لەگەڵ وەزیری دادی تورکیا کۆدەبێتەوە.

لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (پارتی دەم)ـەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە شاندی ئیمراڵی رۆژی هەینی 18ـی نیسان لەگەڵ یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا کۆدەبێتەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە شاندەکە لە هەریەک لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری وانی پارتی دەم و سری سورەیا ئۆندەر، پەرلەمانتاری ئیستانبوڵی پارتەکە و بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، هەروەها گوڵستان کۆچیغیت و سەزایی تەمەللی بریکارانی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەم پێکدێت.

کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی و یڵماز تونچ پاش ئەوە دێت کە شاندەکە 10ـی نیسان لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغانیان کرد و لەگەڵیدا کۆبوونەوە.