رەیان کلدانى: لە سایەى هەوڵدانى یەکێتی توانرا هەڵەبجە بکرێت بە پارێزگا

test
رەیان کلدانی

رەیان کلدانى، بەبۆنەى بە پارێزگابوونى هەڵەبجە، پەیامێکى پیرۆزبایی ئاڕاستەى بافڵ جەلال تاڵەبانى کرد و رایگەیاند، لە سایەى هەوڵدانى چڕى یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان، توانرا بەفەرمى دانبنرێت بە پێگەى هەڵەبجە وەک پارێزگایەکى عێراقى.

سەرۆکى بزووتنەوەى بابلیۆن، لە پەیامەکەیدا بۆ سەرۆکى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راشیگەیاند، ئەم دەستکەوتە مێژووییە، سەرکەوتنە بۆ خەباتى درێژ و قوربانیدانى بەرچاوى رۆڵە خۆراگرەکانى هەڵەبجە، هەنگاوێکى گرنگە بەرەو چەسپاندنى دادپەروەرى و داننان بەو ئازارانەى ئەم پارێزگایە چەشتوویەتى و بووەتە سیمبولى نیشتمانی و مرۆڤایەتی.

رەیان کلدانى، ئاماژەى بەوەشکردووە، هەڵەبجە بەدرێژایی چەندین دەیە سیمبولى خۆراگرى و نەهامەتی و ناونیشانێک بووە بۆ وەفا و ئیرادەى پتەو، لە بەرەنگاربوونەوەى ستەم و سەرکوتکارى.

دەشڵێت: ئەمڕۆ لە سایەى هەوڵدانى چڕى سیاسى و دیپلۆماسییەتى نوێنەرانى گەل لە یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان، توانرا بە ئەنجامبگەیەندرێت و بەفەرمى دانبنرێت بە پێگەى هەڵەبجە وەک پارێزگایەکى عێراقى و بەشێک لە مافە مێژوویی و مەعنەوییەکانى بۆ بگەڕێتەوە.

سەرۆکى بزووتنەوەى بابلیۆن، گوتیشى، ئەم بڕیارە تەنیا دادپەروەریی نییە بۆ رۆحى ئەو شەهیدانەى لە کیمیابارانى هەڵەبجە گیانیان بەختکرد، بەڵکو هەنگاوێکى بنەڕەتییە بە ئاڕاستەى ئاوەدانکردنەوە و بەدیهێنانى گەشەپێدانى بەردەوام و دەستەبەرکردنى خزمەتگوزاریی بنەڕەتى بۆ رۆڵەکانى پارێزگاکە کە ماوەیەکى زۆرە چاوەڕێن.

loading....