ئاکپارتی پرۆژەیاسای بە جەژن ناساندنی نەورۆزی بردە پەرلەمان

test

ئاکپارتی پرۆژەیاسایەکی بۆ ناساندنی نەورۆز وەک جەژن و پشووی فەرمی، پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرد و داوای پشتیوانیش لە فراکسیۆنەکانی دیکە دەکات.

سەرکان بایرام، پەرلەمانتاری ئاکپارتی لە بازنەی ئیستانبوڵ رایگەیاند، لەپێناو دیاریکردنی 21ی ئازار وەک جەژنێکی فەرمی و پشوو، "پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای جەژن، جەژنە نەتەوەییەکان و پشووە فەرمییەکان"ی پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە.

بایرام داوا لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە جیاوازەکان دەکات، لە کاتی دەنگدان بە پڕۆژەیاساکە پشتیوانیان بن و لە بەرژەوەندی پڕۆژەیاساکە دەنگ بدەن.

لە ئەگەری دەنگدان بە پڕۆژەیاساکە، بۆ یەکەمجار لە مێژووی تورکیادا، نەورۆز دەبێتە جەژن و ئەو رۆژەش لە سەرجەم دامودەزگاکاندا دەکرێتە پشوو.

پەرلەمانتارەکەی ئاکپارتی لەبارەی هەوڵەکەیانەوە دەڵێت، دیاریکردنی ئەم رۆژە وەک جەژن، لە ئاست چاوەڕوانییەکانی خەڵک و هێنانەئارای ئاشتیی لە تورکیا، هیوا و ئاواتی هەمووانە.

هەوڵەکانی دیاریکردنی نەورۆز وەک جەژن و پشووی فەرمی لە تورکیا، وەک بەشێک لە هەنگاوەکانی ئەو پرۆسەیە تەماشا دەکرێت کە ماوەی چەند مانگێکە سەبارەت بە پرسی کورد سەریهەڵداوە.