بەم شێوازانە خۆت لە زیانەکانی دانیشتن بپارێزە

گران جاف 14/04/2025
test
د. رانکۆ بەڕێز مەجید، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی ئێسک، شکاوی، بڕبڕەی پشت و جومگە

د. رانکۆ بەڕێز مەجید، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی ئێسک، شکاوی، بڕبڕەی پشت و جومگە، بە کورتی باسی لە زیانەکانی دانیشتن بۆ ماوەیەکی زۆر کرد و چەند رێگەیەکی خۆپارێزیی خستەڕوو.

زۆرینەمان رۆژانە ناچارین بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر کورسی و مێز دابنیشین، لە راستیدا ئەم دانیشتنە زۆرە زیانی زۆری بۆ تەندروستی هەیە، لەو زیانانەش ئازاری خوارەوەی پشت، لاوازبوونی ماسولکەکانی قاچ و قەڵەوی، هاوکات مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی بەرزەفشاری خوێن، شەکرە و دڵ زیاددەکات.

کەواتە لەو کاتانەی ناچارین بۆ ماوەیەکی زۆر دابنیشین چی بکەین بۆ ئەوەی لەم زیانانە پارێزراو بین؟

  • پێویستە کورسییەکی ئاسوودەبەخشت هەبێت، پشتت رێک بێت، گۆشەی ئەژنۆ 90 پلە بێت و پێیەکانیش لەسەر زەوی تەخت بن
  • ئەو لاپتۆپ و تابلێتانەی لەسەر مێزەکەت بەکاریان دەهێنیت پێویستە بەرزییەکەیان لە ئاستی چاودا بێت و زۆر بەرزتر یان نزمتر نەبێت، ئەمەش بۆئەوەی زیان بە بڕبڕەکانی مل نەگات
  • بۆ هەموو کاتژمێرێک دانیشتن، پێنج بۆ دە خولەک جوڵە بکرێت، تەنانەت ئەو کەسانەی شۆفێری دەکەن بۆ ماوەیەکی درێژ، پێویستە هەموو کاتژمێرێک، پێنج بۆ دە خولەک پشووبدەن و جوڵە بکەن
  • گرنگە هەفتانە 150 خولەک وەرزشبکرێت و دابەشبکرێت بەسەر سێ بۆ پێنج رۆژدا
  • زیادکردنی جوڵەی رۆژانە بۆ نموونە، پارککردنی ئۆتۆمبێل دوور لەو شوێنەی بۆی دەڕۆیت، ئەمەش بۆئەوەی زیاتر بە پێ هاتوچۆ بکەیت و بەکارهێنانی قادرمە لەجیاتی بەرزکەرەوەکان
14/04/2025