هاکان فیدان لەگەڵ هاوتا ئەمریکی و ئێرانییەکەی گفتوگۆی کرد

وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ هاوتا ئەمریکی و ئێرانییەکەیدا، باسی لە دۆخی سووریا و گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتن لە عومان کرد.
سەرچاوەیەک بە میدیای فەرمیی تورکیای راگەیاندووە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، بە تەلەفۆن لەگەڵ مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا قسەیکردووە و باسیان لە پێشهات و رووداوەکانی سووریا و دۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززە کردووە.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە گفتوگۆکەدا هەڵسەنگاندن بۆ هەوڵەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئۆکرانیا و رووسیا کراوە.
هەمان سەرچاوە بە میدیای تورکیای گوتووە، فیدان دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ رۆبیۆ، بە تەلەفۆن لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش گفتوگۆی کردووە.
لە پەیوەندییەکەدا، باس لە گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کراوە، کە رۆژی شەممە لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران لە عومان بەڕێوەچوو.
گفتوگۆکانی فیدان لەگەڵ رۆبیۆ و عێراقچی لە کاتێکدایە، ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر غەززە، رووسیا و ئۆکرانیاش بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆ سەر یەکتر، بڕیاریشە خولی دووەمی گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتن لە شاری رۆما بەڕێوەبچن.