شارێکی دیکەی ئیتاڵیا هاوڵاتینامەی فەخری بە ئۆجەلان بەخشی

test
وێنەیەکى عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆکى زیندانیکراوى پەکەکە لە زیندانى ئیمراڵى

شارەوانیی بۆڵۆنیا هاوڵاتینامەی فەخری بەخشییە ئۆجەلان و بەو جۆرەش تاوەکو ئێستا، 20 شاری ئیتاڵیا ئەو هاوڵاتینامەیان بەخشیوەتە رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە.

پاش ئەوەی 17ـی ئازاری ئەمساڵ، شارەوانیی بۆڵۆنیای پایتەختی هەرێمی ئێمیلیا-رۆماگنای ئیتاڵیا، هاوڵاتینامەی فەخری بەخشییە عەبدوڵا ئۆجەلان، رۆژی 14ـی نیسان، لە رێوڕەسمێکی فەرمییدا، هاوڵاتینامەکە رادەستی عومەر ئۆجەلان، برازای ئۆجەلان و پەرلەمانتاری پارتی دەم کرا.

لە رێوڕەسمەکەدا ماریا کاترینا مانکا، سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەوانیی بۆڵۆنیا گوتی، ئەو هاوڵاتینامەیە تەنیا کارێکی سیمبولی نییە، بەڵکو پشتیوانیشە لە بانگەوازەکەی ئۆجەلان کە لە 27ـی شوباتی ئەمساڵ کردی.

دواتر عومەر ئۆجەلان لە گوتەیەکیدا ئاماژەی بە پشتیوانییەکانی ئیتاڵیا بۆ چارەسەری سیاسیی کێشەی کورد کرد و گوتی، "چاوەڕوانیمان لە ئیتاڵیا و ئەوروپا ئەوەیە، پشتیوانیی لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بکەن."

بەگوێرەی هەواڵێکی فورات نیوز، تاوەکو ئێستا 20 شاری ئیتاڵیا هاوڵاتینامەی فەخرییان بە ئۆجەلان بەخشیوە. لەوانەش پالێرمۆ، ناپۆلی و فۆسالتۆ.

loading....