داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر شەش پەرلەمانتاری تورکیا دەکرێت

test

دۆسییەی هەڵگرتنی پارێزبەندیی لە سەر شەش پەرلەمانتار ئاڕاستەی پەرلەمانی تورکیا کرا کە چوار پەرلەمانتاریان ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دەمن.

سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، شەش دۆسییەی بۆ هەڵگرتنی مافی پارێزبەندی یاسایی لە سەر شەش پەرلەمانتار ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرد و سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش دۆسییەکانی ئاڕاستەی لیژنەی هاوبەشی دەستوور و داد کرد.

ئەو پەرلەمانتارانەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا داوا دەکات مافی پارێزبەندییان لێبسەندرێتەوە بریتیین لە تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، پەرلەمانتاری ئەدەنە کە هاوکات هاوسەرۆکی پارتی دەمە، سەباحەت ئەردۆغان ساریتاش، سالیحە ئایدەنیز و عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتارانی پارتی دەم.

هاوکات سەرۆکایەتیی کۆمار داوای کردووە، پارێزبەندی لە جەمال ئەنگینیورت، پەرلەمانتاری جەهەپە و ئومیت دیکبایر، پەرلەمانتاری سەربەخۆش بسەندرێتەوە.

پەرلەمانی تورکیا لە 600 پەرلەمانتار پێکدێت و لە ماوەی ئەم خولەی یاساداناندا، 839 دۆسییەی هەڵگرتنی پارێزبەندی، کە بەنزیکەیی سەرجەمیان لەسەر پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن و لەناویاندا پارتی دەم و جەهەپە کراونەتەوە، ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراون.

لە خولی رابردووی یاسادانانی تورکیادا، زیاتر لە هەزار دۆسییەی هەڵگرتنی پارێزبەندی رەوانەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرابوو.