باخچەلی: پێویستە دادگا دەستبەجێ بڕیار لەبارەی ئیمامئۆغڵو بدات

test
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە

دەوڵەت باخچەلی رایگەیاند، پێویستە دادگا دەستبەجێ بڕیار لەبارەی دۆسیەی ئیمامئۆغڵو بدات و جەهەپەشی بە نزیکبوونەوە لە سنووری ناپاکی تۆمەتبارکرد.

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، پێویستە دادگا دەستبەجێ سەرجەم کاروبارەکانی پرۆسەی دادگاییکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو تەواوبکات و بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسیەکەی بدات.

باخچەلی بەتوندی هێرشیکردووەتەسەر سەرکردایەتیی جەهەپە و باسی لەوەکردووە، جەهەپە بەو سیاسەتەی پەیڕەوی دەکات، دەیەوێت تورکیا رابکێشێتە ناو تاریکی، قەیران و ئاژاوە و بەو جۆرەش لە سنووری "ناپاکیی" نزیکبووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، جەهەپە دەیەوێت لەڕێگەی بەکارهێنانی شەقام و بایکۆتکردنەوە، یاخیبوونی ناوخۆیی و گرژیی سیاسی و کۆمەڵایەتی دروستبکات.

لەو بارەیەوە باخچەلی هۆشداری بە جەهەپە و سەرۆکەکەی داوە و رایگەیاندووە، "نە جەهەپە و نە سەنگەری داگیرکاریی دەرەوە، کە جەهەپە بەڕێوەدەبەن، بە هیچ جۆرێک و هیچ کاتێک ناگەن بە ئامانجە چەپەڵەکانیان."

سەرۆکی مەهەپە رەخنەی توندی لە ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپەش گرتووە و گوتوویەتی، "ئۆزەل کۆنترۆڵی خۆی لەدەستداوە و هیچ بەهایەک بۆ شکۆی سیاسیی خۆی دانانێت."