بۆ ئەوەی هەڵەبجە بکرێتە بازنەیەکى سەربەخۆ دەبێت یاسای هەڵبژاردن هەمواربکرێتەوە

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، بۆ ئەوەی هەڵەبجە بکرێتە بازنەیەکی هەڵبژاردنی سەربەخۆ، پێویستیی بەهەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن هەیە.
جومانە غەلای گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ئاژانسی فەرمیی عێراقی راگەیاندووە، بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی هەڵەبجە بکرێتە بازنەی هەڵبژاردن، هێشتا زووە چونکە سەرەتا پێویستە سەرۆککۆمار یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە واژۆ بکات و لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوببێتەوە و پاشان بە مەرسومی کۆماری پارێزگا نوێیەکە زیادبکرێت و سنوورە کارگێڕییەکەی دیاریبکرێت.
دەشڵێت، لەهەمانکاتدا لەگەڵ جێبەجێکردنی یاساکە، یەکە کارگێڕییەکان بۆ پارێزگاکا زیاد دەکرێن لەنێویشیاندا نووسینگەی هەڵبژاردن و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، تاوەکو کورسییەکانی پارێزگاکە بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووانی دیاریبکرێن.
پرۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە رۆژی دووشەممە 14ـی4، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەندکرا و هەڵەبجە بووە 19ـەمین پارێزگای عێراق.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق 11ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵی وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دیاریکردووە و کۆمیسیۆنیش ئامادەیی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو رۆژەدا پیشانداوە.
لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران کە لە 10ـی تشرینی یەکەمی 2021 بەڕێوەچوو، پارێزگاکانی عێراق بەسەر 83 بازنەی هەڵبژارندا دابەشکرابوون، سلێمانی و هەڵەبجەش کرابوونە پێنج بازنەی هەڵبژاردن بەڵام لە ساڵی 2023 یاسای هەڵبژاردن هەموارکرایەوە و هەر پارێزگایەک کرایە یەک بازنەی هەڵبژاردن.