لە قەتەر کۆنفرانسی "تەکنۆلۆجیا و ئۆتیزم" بەڕێوەدەچێت

کەناڵ8- سلێمانی
لە قەتەر بە بەشداریی پسپۆڕ و بەرپرسانی پەیوەندیدار، کۆنفرانسی تەکنۆلۆجیا و ئۆتیزم بەڕێوەدەچێت و رێکخەرانی کۆنفرانسەکە دەڵێن ئامانجیان باشترکردنی ژیانی کەسانی ئۆتیزم و خێزانەکانیانە.
کۆنفرانسەکە لە 14 تاوەکوو 16ی ئەم مانگە لە شاری دەوحە بەڕێوەدەچێت بە سەرپەرشتیی دامەزراوەی پەروەردە، زانست و پەرەپێدانی کۆمەڵایەتیی قەتەر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەریەکە لە وەزارەتی تەندروستیی قەتەر، زانکۆی قەتەر، دامەزراوەی سیدرای پزیشکی، سەنتەری مەدا تایبەت بە تەکنۆلۆجیای یارمەتیدەر، دامەزراوەی ئۆتیزم سپیکس و دامەزراوەی زانستەکانی ئۆتیزم.
رێکخەرانی کۆنفرانسەکە دەیانەوێت سەرنجی هەمووان رابکێشن بۆ وەبەرهێنانی زیاتر لەبواری ئۆتیزم و پڕکردنەوەی پێداویستی و خواستە بەدینەهاتووەکانی ئەو کەسە پێگەیشتووانەی ئۆتیزمیان هەیە، هێنانە کایەی خزمەتگوزاریی تایبەت بە ئۆتیزم بۆ ئەوانەی ئۆتیزمیان هەیە و ئەو خێزانانەی ئەندامی ئۆتیزمیان هەیە و هەروەها دانانی یاسای پەروەردەیی تایبەت بۆ کەرتەکانی پەروەردە و تەندروستی لە بەرژەوەندی ئەوانەی ئۆتیزمیان هەیە.
لە کۆنگرەکەدا جگە لە پسپۆڕ و بڕیاربەدەستانی بوارەکانی پەروەردە و تەندروستی و ئۆتیزم، چەندین زانا و توێژەری جیهانی بەشدارن، کە پسپۆڕییان هەیە لە بوارەکانی زیرەکیی دەستکرد و تەکنۆلۆجیای کۆمپیوتەری.