خوێندنەوەیەک بۆ جەژنی چوارشەممەی سووری ئێزدییان

test

چوارشەممەی سوور، یەکێکە لە دیارترین رێکەوتە ئایینییەکانی ئێزدایەتی، کە بە یەکێک لە پیرۆزترین رۆژەکانی خۆیانی دەزانن.

لە ئایینی ئێزدایەتییدا، سەبارەت بە چوارشەممەی سوور (چارشەممەی سەری نیسان) دەگوترێت:

"چارشەم رۆژەکە فادلە

مەلیک فەخرەدین ئافراندبوو ژ عەشق و دلە

ناس نەدکر رحەتی و خەلفەتە

چارشەم رۆژەکە ب حسابە

ل با وان مەلەکا هاتی ئەڤ جەوابە

دەریێت خێری دڤەکرن ژ رۆژهەڵات هەتا رۆژئاوایە"

بەگوێرەی ئایینی ئێزدایەتی، خودا لە رۆژی چوارشەممەدا ژیانی بوژاندووەتەوە، کە لە هەمان کاتدا رۆژی ئەفراندنی مرۆڤە.

بەگوێرەی ساڵنامەی رۆژهەڵاتی چوارشەممەی یەکەمی نیسان، یان چوارشەممەی یەکەمی پاش 13ـی نیسان بەگوێرەی ساڵنامەی زایینی، جەژنی کوردانی ئێزدی (جەژنی چوارشەممەی سوور) یاخود سەری ساڵی کوردانی ئێزدییە.

بە باوەڕی کوردانی ئێزدی، گەردوون تاریک و پڕ لە تەمومژ بووە، زەوی بە چینێکی سەهۆڵبەندان دەورەدرابوو، خودا "تاووسی مەلەک"ـی، لە رۆژی چوارشەممەدا رەوانەی سەر زەوی کردووە، تاوەکو زەوی بنیاد بنێت و ژیان بئافرێنێت.

بە فەرمانی خودا، مەلەک تاووس، یەکەمجار لە لالش هاتووەتە سەر زەوی، لەسەر دارێکی عەرعەر نیشتووەتەوە، بە فەرمانی خودا خۆر هەڵهاتووە و سەهۆڵبەندانەکە وردە وردە تواوەتەوە، رووی راستەقینەی زەوی دەرکەوتووە، بە گوڵ و خونچەی رەنگاورەنگ خەمڵێنراوە، بۆیە چوارشەممەی سوور بە دەستپێکی بەهار لە ساڵنامەی ئێزدییەکاندا جێی خۆی گرتووە.

لە چوارشەممەی سووردا، کوردانی ئێزدی ئامادەکاریی دەکەن و لەم رۆژەدا رێوڕەسمی تایبەت بەڕێوەدەبرێن، سەردانی سرووشت دەکەن و هێلکە بۆیاخ دەکەن.

بەگوێرەی ژمارەی ئەندامانی خێزان، هێلکە دەکوڵێنن و بۆیاخی دەکەن، هێلکە نیشانەی زەوییە، کوڵانی هێلکە و بۆیاخکردنی نیشانەی توانەوەی بەستەڵەک و سەهۆڵبەندانە، ‌هەروەها بۆیاخکردنی هێلکە بە واتای بەهار و گوڵ و گیاش دێت کە بە هاتنی تاووسی مەلەک بەهار سەردەردێنێت و ژیان دەبووژێتەوە.

ژمارەیەک رێوڕەسمی دیکەش لەم رۆژەدا بەڕێوەدەبرێن، لەم مانگەدا نابێت، زەوی بکێڵن، لەبەرئەوەی گوڵوگیا و زۆربەی رووەکەکان لەم رۆژەدا دەپشکوێن و سەردەردێنن، بەگوێرەی باوەڕی ئێزدایەتی، نابێت لەم مانگەدا رێوڕەسمی هاوسەرگیریی ئەنجام بدرێت، لەبەرئەوەی دەبێتە هۆکاری دەرد و مەینەتی بۆ ماڵباتی زاوا و بووک، ئێزدییەکان پێیان وایە کە نیسان خۆی بووکی ساڵە و جگە لەو هیچ بووکێکی دیکە لەم مانگەدا قبوڵ ناکرێت.

بە درێژایی مێژوو زۆر هێرش، کۆمەڵکوژی و فەرمان لەدژی کوردانی ئێزدی ئەنجامدراون، بەو هۆیەوە بە هەزاران کوردی ئێزدی بوونەتە قوربانی، پیرۆزیی و پەرستگەکانیان رووخێنراون، پەرتووکەکانیان سووتێنراون، هەوڵی لەناوبردنی کولتوور و پیرۆزییەکانیان دراوە، بەڵام ئێزدییەکان دەستیان لە ئایین و پیرۆزییەکانیان هەڵنەگرتووە، هاوشێوەی چوارشەممەی سوور، ئێزدییەکان پیرۆزییەکانیان بۆ هێشتنەوەی هەبوون و ناسنامەکەیان بەکارهێناوە.

هەموو ساڵێک، لە لالەش (پیرۆزترین پەرستگەی ئێزدییان) بە هەزاران کوردی ئێزدی کۆدەبنەوە و بە داگیرساندنی 365 مۆم یان چرا کە هێمای رۆژەکانی ساڵن، رێوڕەسمی جەژنی چوارشەممەی سوور بەڕێوەدەبەن.

loading....