ئەمریکا: پيتاندنی يۆرانيۆم و چەکی ئێران گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت

ستيڤ ويتکۆف نێردەی تايبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمريکا لەبارەی دانوستانەکانی ئێرانەوە رايگەياند، گفتوگۆکانی واشنتن لەگەڵ تاران لەبارەی پيتاندنی يۆرانيۆم و توانای چەکی ئێرانەوە دەبێت.
ويتکۆف کە رۆژی شەممە نوێنەرايەتیی شاندی ئەمريکای دەکرد لە عومان لە چاوپێککەوتنێکيدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نيوز رايگەياند، یەکەم کۆبوونەوە ئەرێنی و بنیادنەر بوو.
نوێنەرەکەی ترەمپ لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە دەڵێت، "ئەو بابەتە پەیوەستە بە پشتڕاستکردنەوەی بڕی پیتاندنی يۆرانيۆم".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێویست ناکات ئێران پيتاندنی يۆرانيۆم لە %3.67 زیاتر بکات، ئەوە زۆرترین ئاستە، کە بەگوێرەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی پێشوو رێگەپێدراوە، کە ترەمپ لە یەکەم خولی سەرۆکايەتيدا، لە ساڵی 2018 لێی کشايەوە".
رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 ئامانجی ئەوە بوو، رێگری لە ئێران بکات بتوانێت چەکی ئەتۆمی دروستبکات، لەبەرامبەردا رێگەی بە تاران دەدا بەرنامەیەکی ئەتۆمی بۆ مەبەستی ئاشتییانە پەیڕەو بکات و لەو رێژەیەی بۆی دياريکراوە يۆرانيۆم زياتر بەرهەم نەهێنێت.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی رايگەياندووە، ئێران 274.8 کيلۆگرام يۆرانيۆمی پيتێندراوی هەيە، کە بە رێژەی %60 پیتێندراوە.
ویتکۆف گوتیشی، "پشتڕاستکردنەوەی ئاستی تواناکانی ئێران لەرووی چەکەوە خاڵێکی دیکەی گرنگ دەبێت لە دانوستانەکاندا، کە موشەک و کارپێکەری موشەکی دەگرێتەوە".
لە کۆتايشدا جەختکردەوە، "پشتڕاستکردنەوە دەبێتە بنەمای سەرەکی ئەم رێککەوتنە".