میدیای تورکیا: شاندی ئیمراڵی داوادەکات شاندە نێودەوڵەتییەکان سەردانی ئۆجەلان بکەن

میدیای تورکیا بڵاویکردەوە، لەنێو ئەو داواکارییانەی بڕیارە لە کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی لەگەڵ وەزیری داد بخرێنەڕوو، لێبوردنی دیاریکراو و سەردانی شاندە نێودەوڵەتییەکان بۆ لای ئۆجەلان هەیە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە رۆژنامەی سۆزجودا بڵاوکراونەتەوە و تیایدا پشت بە سەرچاوەکانی وەزارەتی دادی تورکیا بەستراوە، لەو کۆبوونەوەیەی، کە بڕیارە رۆژی هەینی 18ـی نیسان لەگەڵ یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا ئەنجامیبدات، شاندی ئیمراڵی ژمارەیەک داواکاریی دەبێت.
رۆژنامەکە دەڵێت: "لەناو ئەو بابەتانەی لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێدەکرێن، یەکێکیان بابەتی لێبوردنی دیاریکراوە" و پاش ئەوەش سەردانەکان بۆ گرتووخانەی ئیمراڵی دەخرێنە بەرباس.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە شاندی ئیمراڵی داوا دەکات رۆژنامەوانان و شاندە نێودەوڵەتییەکان رێگەیان پێبدرێت سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە گرتووخانەکە بکەن.
دوێنێ پارتی دەم بڵاویکردەوە رۆژی هەینی 18ـی نیسان شاندی ئیمراڵی و بریکارانی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتەکە لەگەڵ وەزیری داد کۆدەبنەوە.
هاوکات گوڵستان کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەم ئاماژەی بەوەکرد، پاش کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری داد داواکارییەک بۆ دیداری ئۆجەلان پێشکەش دەکرێت.
پێشتر رۆژنامەی سۆزجو لەبارەی کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی و ئەردۆغان بڵاویکردەوە، سەرۆککۆماری تورکیا بەپێویستی زانیوە بە زووترین کات رۆژژمێری چەکدانان رابگەیەنرێت و وەک وەڵامێکیش بۆ داواکاری شاندەکە، قایلبووە بەوەی زانیارییان لەبارەی رەشنووسی لێبوردنی جوزئی پێبدرێت بەو مەرجەی بۆ رایگشتیی و میدیا بڵاونەکرێتەوە.