ژمارەیەک لە خانەنشینانى پێشمەرگە دژى بڕینى دەرماڵەکانیان لە سلێمانى گردبوونەوە

ژمارەیەک لە خانەنشینانى پێشمەرگە دژى بڕینى دەرماڵەکانیان لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیى خانەنشینیى پێشمەرگە لە سلێمانى گردبوونەوە.
بەشێک لەو خانەنشینانە بە کەناڵ8یان گوت، دەرماڵەکانیان لە مووچەى مانگەکانى یەک، دوو و سێ بڕاوە و داواشدەکەن، گرفتەکانیان بۆ چارەسەربکرێت و دەرماڵە بڕاوەکانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە لەگەڵ پێدانى پاداشتى خانەنشینى، کە فەرمانى وەرگرتنیان هەیە، بەڵام پێیان نەدراوە.
خانەنشینانى پێشمەرگە، ئاماژە بەوەشدەکەن، لەگەڵ بڕینى دەرماڵەکانیان، کۆکراوەى شەش مانگى مووچەیان بۆکراوە، بەڵام وەریان نەگرتووە.
داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن، بەدەنگییانەوە بچن و گرفتەکانیان بۆ چارەسەربکەن.
بەگوتەى خانەنشینان بۆ خێزان 70 هەزار و بۆ هەر منداڵێک بڕى 15 هەزاری دەرماڵە لە مووچەکانیان بڕدراوە.
ژمارەى ئەو کەسانەى دەرماڵەکانیان بڕدراوە، نزیکەى شەش هەزار خانەنشینە و داواى چارەسەرکردنى کێشەکە دەکەن.