یەکێتیی ئەوروپا سزای بەسەر 9 کەسایەتی و دامەزراوەی ئێراندا سەپاند

test
سزاکان بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوەیە

بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، یەکێتیی ئەوروپا سزای بەسەر چەند کەسایەتی و دامەزراوەیەکی ئێرانیدا سەپاند.

رۆژی دووشەمە 14ی نیسانی 2025 لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، بڕیاردرا حەوت کەسایەتی و دوو دامەزراوەی ئێرانی سزا بدرێن.

لە راگەیەندراوەکەی یەکێتیی ئەوروپادا هاتووە، بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و دەستگیرکردنی هاوڵاتییانی ئەوروپی لە ئێران، ئەو سزایانە بەسەر تاراندا سەپێندراوە.

لەناو سزادراواندا دوو دادوەر و ژمارەیەک بەرپرسی ئەمنی و بەڕێوەبەری گرتووخانەی ئێڤینی تاران و بەڕێوەبەری گرتووخانەی شیراز هەن.

تاوەکو ئێستا یەکێتیی ئەوروپا سزای بەسەر 232 کەسایەتی و 44 دامەزراوەی ئێراندا سەپاندووە، سزاکانی یەکێتییەکەش لە قەدەغەی گەشت و بلۆککردن پارە و رێگریکردن لە گواستنەوەی سەرچاوەی دارایی دامەزارەوە و کەسایەتییەکانی ئێران پێکدێت.

یەکێتیی ئەوروپا لە راگەیەندراوەکەیدا دەشڵێت، ئەو کەس و دامەزراوانە دەستیان لە گرتن و ئەشکەنجەدانی هاوڵاتییانی ئەوروپی لە ئێران هەیە، داواش لە تاران دەکات کۆتایی بەو جۆرە سیاسەتانە بهێنێت.

سزاکانی یەکێتیی ئەوروپا لەکاتێکدان، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە 9ـی نیسان لە راگەیەندراوێکدا سزای بەسەر چەند دامەزراوە و کەسایەتییەکی پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێراندا سەپاند.

loading....