راکێشانی چەوری بۆ کێ دەکرێت؟

لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8، د. پروشە شوان، پزیشکی پسپۆڕی خۆراک، باسی لەو مەرجانە کرد کە کەسێک پێویستە هەیبێت بۆئەوەی لەڕووی زانستییەوە ئاسایی بێت راکێشانی چەوریی بۆ بکرێت.
پزیشکەکە سەرەتا ئەوەی خستەڕوو کە ئەم پڕۆسەیە رێکارێکی پزیشکییە و پزیشکان لە دژی نین، بەڵام وەکو هەر پڕۆسەیەکی پزیشکیی دیکە، هەل و مەرجی تایبەتی هەیە و نابێت بۆ هەموو کەسێک بکرێت.
"لە جەستەدا دوو جۆری جیاواز لە چەوری هەن، ئەو چەورییەی لە سکدایە، واتە دەکەوێتە سەر ئەندامەکانی ناو سک، وەکو چەوریی سەر جگەر و پەنکریاس، ئەم چەورییەیە کە گرفتە تەندروستییەکانی وەکو شەکرە، بەرزەفشاری خوێن و بەرزەچەوریی خوێن دروستدەکات. جۆرەکەی دیکەی چەوری ئەوەیەکە کە دەکەوێتە ژێر پێستەوە، ئەم جۆرەیان گرفتێکی ئەوتۆی تەندروستی دروستناکات".
پڕۆسەی راکێشانی چەوریش بۆ ئەو کەسانە دەکرێت کە چەوریی ژێر پێستیان هەیە، ئەگەر کێشێکی زیاد لەسەر ئەژنۆی کەسەکە هەبێت یان گرفتی بۆ بڕبڕەکانی دروست کردبێت دەکرێت، ئەم پڕۆسەیە بۆ ئەو کەسانەش دەکرێت کە گرفتی دەروونییان بۆ دروستبووە بەهۆی ئەو چەورییەی ژێرپێستیان کە هەیانە، بەڵام ئەم کەسانە لە رووی جەستەییەوە پێویستیان پێی نییە.
واتە گرنگە ئەگەر کەسێک کێشی زیاد بوو، سەرەتا کێشی داببەزێنێت، پاشان ئەم پڕۆسەیە بۆ لابردنی پێستی زیادە و چەوریی ژێر پێستی بکات.