ئەمريکا: ئاشتیی هەميشەیی داواکاریی سەرۆکی رووسیایە

test
ڤیلادیمیر پوتن سەرۆکی رووسیا و ستیڤ ویتکۆف نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا

نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پاش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پوتن رایگەیاند، سەرۆکی رووسیا ئامادەيە بۆ رێککەوتنێکی هەمیشەیی ئاشتی لەگەڵ ئۆکرانیا.

ترەمپ فشارەکانی بۆ ئاگربەستی ئۆکرانيا چڕکردووەتەوە و هەوڵدەدات هەردوولا رازيبکات بگەنە رێککەوتن، بەڵام سەرەڕای چەندين خولی گفتوگۆ لەنێوان واشنتن و مۆسکۆ، تاوەکو ئێستا هيچ وەڵامێکی تەواوەتیی لە کرێملنەوە پێنەگەيشتووە.

ستیڤ ويتکۆف، نێردەی ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکيدا لەگەڵ فۆکس نيوز گوتی، "داواکاریی پوتن ئەوەیە ئاشتییەکی هەمیشەیی بەرقەرابێت، وەڵامێکمان بۆ ئەوە دەستکەوتووە، زۆری پێچووە تاوەکو گەیشتووينەتە ئەو خاڵە".

ئاماژەی بەوەشکرد، رێککەوتنە بازرگانییەکانی نێوان رووسیا و ئەمریکاش بەشێک بوون لە دانوستانەکان.

دەشڵێت، "پێموایە ئەگەری ئەوە هەیە پەیوەندییە بازرگانييەکانی نێوان رووسیا و ئەمریکا دابڕێژرێتەوە، کە سەقامگیرییەکی راستەقینە بە ناوچەکە دەبەخشێت".

مانگی رابردوو پوتن پێشنیازی هاوبەشی ئەمریکا و ئۆکرانيای بۆ وەستاندنی تەواو و بێ مەرجی جەنگ رەتکردەوە، بەڵام کرێملن بە ئاگربەستی دەریای رەش رازيبوو لە بەرامبەر هەڵگرتنی بەشیک لە سزاکانی سەری لەلايەن رۆژئاواوە.

loading....