بارکردنی گەنمی سایلۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئاشەکان راگیرا

test
150 هەزار تۆن گەنمی ساڵی رابردووی جوتیاران لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستاندا ماوە

بە بڕیارێکی عێراق بارکردنی گەنم لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئاشەکان بە مەبەستی دروستکردنی ئاردی بەشەخۆراک راگیرا، لە جیاتی ئەوە گەنم لە سایلۆکانی موسڵ و دوزخورماتوو و کەرکوکەوە دەبرێت.

نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری بازرگانی و دانەوێڵەی سلێمانی بە کەناڵ8ـی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا بڕی 150 هەزار تۆن لە گەنمی ساڵی رابردوو لە نێو سایلۆکانی هەرێمی کوردستان ماوەتەوە و عێراق بڕیاریداوە، ئاشەکان وەرینەگرن تاوەکو گەنمی سایلۆکانی موسڵ و دوزخورماتوو و کەرکوک تەواو نەبێت.

بەگوتەی نەسرین ئەحمەد، "ئەو بڕیارە بارگرانیی بۆ ئاشەکان و بارهەڵگرەکان دروستکردووە و  دەبێت رێگەیەکی دوورتر ببڕن، سەرەڕای ئەوەی کوالیتیی گەنمی کوردستان باشترە".

گوتیشی: "ئەمساڵ عێراق تەنیا 400 هەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەردەگرێت و لە ئێستاوە جێگە نەماوە بۆ عەمبارکردنی گەنمی ئەمساڵ، لە کاتێکدا کوالیتیی بەشێک لە سایلۆکان خراپە و لە ئاسن دروستکراون، ئەمەش لە وەرزی گەرمادا گرفت بۆ گەنمەکە دروستدەکات".

ئاماژەی بەوەشدا: "هۆکاری سەرەکیی بڕیارەکەی عێراق بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ساڵی رابردوو بڕێکی زۆر لە گەنم لەو پارێزگایانە وەرگیراوە و وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانیی عێراق ناچارە لە زووترین کاتدا گەنمی سایلۆکان خاڵی بکات و ئامادەکاری بکات بۆ بەبازاڕکردنی گەنمی ئەمساڵ".

لە هەرێمی کوردستان شەش سایلۆ و دوو بەنکەر هەن بۆ هەڵگرتنی گەنم و پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە هەیە.

loading....