پیسبوونی هەوا دەوامی لە پێنج پارێزگای ئێران راگرت

بەهۆی پیسبوونی هەواوە، لە پێنج پارێزگای ئێران دەوامی بەشێک لە خوێندنگە و دامەزراوە حکومییەکان راگیرا.
بەگوێرەی میدیای ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە 15ـی نیسان، خوێندن لە خوێندنگە سەرەتاییەکان و بەشێک لە زانکۆ و دامەزراوە حکومییەکانی پارێزگاکانی کرماشان، بوشەهر، کەهگیلویە و بوێرئەحمەد، لۆرستا و خوزستان راگیران.
دوێنیش بەهەمان هۆکار دەوام لە بەشێک لە ناوەندە حکومییەکانی ژمارەیەک پارێزگای ئێران و لە ناویاندا پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، راگیران.
هۆکارەکانی پسبوونی هەوا لە ئێران، بۆ گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا، سوتاندنی نەوتی رەش لە کارگەکان، دوکەڵی کارگەکان و ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلی کۆن دەگەڕێتەوە.
ئەوە لەکاتێدایە پەرلەمانى وڵاتەکە لە 3ـی ئابی 2017 دا یاسای هەوای پاکی پەسەندکردووە، کە لە 34 ماددە پێکدێت، بەڵام رەخنەی ئەوە دەگیرێت کە بەشێکی زۆری یاساکە جێبەجێنەکراوە.
وەزارەتی تەندروستیی ئێرانیش ئاماژە بەوە دەکات، لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی پیسبوونی هەواوە، نەخۆشییەکانی دڵ، کۆئەندامی هەناسە و شێرپەنجە لەناو دانیشتووان دا زیادیانکردووە.