ئاژانسە مرۆییەکان: گەورەترین قەیرانی مرۆیی لە مێژووی جیهان لە سودان روودەدات

رێکخراوەکانی کۆمەڵی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرایانکرد، سودان بە گەورەترین قەیرانی مرۆییدا لە هەموو جیهان تێپەڕدەبێت، دەشڵێن، سودانییەکان باجی کەمتەرخەمیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەدەن.
ئەمڕۆ سێشەممە (15ی نیسانی 2025) ئیلیسێ ناڵبەندیان، بەڕێوەبەری هەرێمیی رێکخراوی ئۆکسفام رایگەیاند، بارودۆخی سودان لە هەموو کات خراپترە و بە گەورەترین قەیرانی مرۆیی لە مێژوو و گەورەترین پرۆسەی ئاوارەبوون و برسێتیشدا تێپەڕ دەبێت، بەجۆرێک هەموو تۆمارەکانی رابردوو دەشکێنێت.
هاوکات دانیاڵ ئۆ ماڵی، بەڕێوەبەری کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور دەڵێت، بەرێژەیەکی گەورە پێشێلکاری لە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان تۆمارکراوە.
مانگی رابردوو، سوپای سودان کۆشکی سەرۆکایەتیی خەرتومی پایتەختی وەرگرتەوە و دەسەڵاتی بەسەر بەشی زۆری پایتەختدا سەپاند، بەگوێرەی ژمارەیەک سەرچاوەی نەتەوەیەکگرتووەکان، زیاتر لە 400 کەس لە پاش هێرشی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا بۆ دارفۆر کوژراون.
هەر ئەمڕۆش بەریتانیا میوانداریی وەزیرانی 20 وڵات دەکات لە لەندەن تاوەکو هەوڵبدەن گفتوگۆکانی ئاشتی لە سودان دەستپێبکاتەوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی ئۆکرانیا و غەززەوە، گفتوگۆکان لەبارەی سودان خاوتربوونەتەوە.
گۆتێرێس سەرکۆنەی بەردەوامی هاتنی چەک بۆ ناو سودان دەکات
سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، سەرکۆنەی بەردەوامیی چوونەژوورەوەی چەک و چەکداری بۆناو سودان کرد، کە ماوەی دوو ساڵە لە جەنگێکی ناوخۆیی تونددایە.
لە سەروبەندی چوونە ناو سێیەمین ساڵەی شەڕی سودان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا نیگەرانیی قووڵی لە بەردەوامیی هاتنی چەک و چەکدار بۆناو سودان دەربڕی و وەکخۆی دەڵێت، رێگە بە بەردەوامبوونی ململانێکان دەدات.
گۆتێرێس دەشڵێت، "پێویستە پشتیوانیی دەرەکی و رۆیشتنی چەک رابگیرێت، ئەوانەی زۆرترین کاریگەرییان بەسەر لایەنەکاندا هەیە، دەبێت بۆ باشترکردنی ژیانی گەلی سودان کاربکەن، نەک بەردەوامیی بە ململانێکان بدەن".
حکومەتی سودانیش ئیمارات تۆمەتبار دەکات بەوەی پاڵپشتی لە هێزەکانی پشتیوانیی خێرا دەکات، بە پێدانی چەک، کە ئەم تۆمەتە لەلایەن ئیمارات و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا رەتدەکرێتەوە.
شەڕی سودان لە 15ـی نیسانی 2023ەوە، کارەساتی مرۆیی گەورەی لەو وڵاتە لێکەوتووەتەوە، بووەتەهۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە 13 ملیۆنی دیکە، هاوکات برسێتی تەنگی بە خەڵکی ئەو وڵاتە هەڵچنیوە.