برۆکسل هەڕەشەی سەپاندنی باج بەسەر مێتا و گۆگڵ دەکات

ئۆرسولا ڤۆن دێرلاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای یەکێتیی ئەوروپا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز رایگەیاند، یەکێتییەکە بیر لە سەپاندنی باج بەسەر کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆجیای ئەمریکی وەک مێتا و گۆگڵ دەکاتەوە.
ئەمەریکا و یەکێتیی ئەوروپا پلانی زیادکردنی باجی گومرگیان راگرت بۆ ئەوەی ڕێگە بە دانوستانەکان بدرێت، بەڵام برۆکسل ئامادەکاری دەکات بۆ ئەگەری ئەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیی بازرگانیی نێوانیان شکستبهێنن.
ڤۆن دێرلاین بە رۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، ئەگەر دانوستانەکان بەو شێوەیە بەرێوەنەچن کە خۆیان خوازیاریانە، ئەوا کۆمەڵێک رێکاری بەرپەرچدانەوە لەبەردەستی یەکێتیی ئەوروپادایە.
ڤۆن دێرلاین رۆژی پێنجشەممە رایگەیاندبوو، یەکێتیی ئەوروپا باجی پێچەوانە لەسەر هاوردەی ئەمریکا بۆ ماوەی 90 ڕۆژ رادەگرێت، ئەمەش وەک وەڵامدانەوەیەک بەرامبەر هەنگاوێکی هاوشێوەی ئەمریکا.
لە چەند هەفتەی رابردووشدا، یەکێتیی ئەوروپا چەندینجار جەختی لەسەر خواستی خۆی بۆ گەیشتن بە چارەسەری دانوستان لەگەڵ واشنتن کردووەتەوە.