سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ شاندێکی ئەمریکا کۆبووەوە

سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ شاندێکی ئەمریکا کۆبووەوە و جەختیان لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمى کوردستان کردەوە.
هەردوولا هاوڕا بوون لە سەر پێویستیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتى هەرێمى کوردستان.
ئەمڕۆ 15ى نیسانى 2025، مەسرور بارزانى، پێشوازیی له شاندێکی ئەمریکی بە سەرۆکایەتیی ڤیکتۆریا تەیلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كرد و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لە بارەوەکراوە.
بەگوێرەى راگەیەندراوى فەرمانگەى میدیا و زانیارى، هەردوولا جەختیان لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمى کوردستان کردووەتەوە لە زووترین کات و بەرلە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق.
هەردوولا هاوڕا بوون لە سەر پێویستیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە نابێت پرۆسەکە چیتر دوا بکەوێت، چونکە زیانێکی زۆری بە داهات و بودجەی گشتیی فیدراڵی گەیاندووە، وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگیی دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و رێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵی و دەستووریی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە.