عێراق بڕیاریدا سەرجەم خوێندکارانى 3ی ناوەندی و 6ی ئامادەیی بەشداریی تاقیکردنەوە نیشتمانییەکان بکەن

test
ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارەکەی بۆ هاندانی قوتابیان و زیادکردنی رێژەی دەرچوون داوە

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بۆ ئەمساڵی خوێندن 2024-2025، سەرجەم خوێندکارانى قۆناغەکانى سێی ناوەندی و شەشی ئامادەیی، بەشداریی گشتی لە تاقیکردنەوە نیشتمانییەکاندا بکەن، وەزارەتى پەروەردەش دەڵێت، بڕیارەکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 15ـی نیسانی 2025، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و پێشنیازێکى وەزارەتى پەروەردەى عێراقی سەبارەت بە بەشداریی گشتیى خوێندکاران لە تاقیکردنەوە نیشتمانییەکانى سێی ناوەندی و شەشی ئامادەیی بەسەرجەم لقەکانیەوە، پەسەند کرد.

هاوکات سەباح حەبیب پەرلەمانتاری عێراق و ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی بە کەناڵ8ـی گوت ئەو هەنگاوە بۆ هاندانی قوتابیان و زیادکردنی رێژەی دەرچوونە لەناوەندەکانی خوێندن.

بەگوێرەی پێشنیازەکە، تەواوى خوێندکارانى قۆناغەکانى سێی ناوەندی و شەشی ئامادەیی، بەشداریى تاقیکردنەوەى بەکالۆرى دەکەن، بەڵام بڕیارەکە ئەو خوێندکارانە ناگرێتەوە تاقیکردنەوەى دەرەکى ئەنجامدەدەن.

هاوکات، سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتى هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـی راگەیاند، ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە و پێوەى پابەند نابن.

گوتیشى، پێشنیازی هاوشێوە لە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردە نەکراوە و بەگوتەی سامان سیوەیلى، "ئەو سیستمە شکستخواردووترین سیستمە پەیڕەوبکرێت".

ساڵانە بۆ بەشداریی خوێندکاران لە تاقیکردنەوە نیشتمانییەکانى نۆی بنەڕەتی و 12ـی ئامادەیی، تاقیکردنەوەی پێشوەختە بۆ داخڵبوون (بەشداریی)کردن بەڕێوەدەچێت و لانیکەم دەبێت خوێندکار لە زۆرینەی وانەکانی دەرچووبێت تاوەکو بەشداریی تاقیکردنەوەی نیشتمانیی کە تاقیکردنەوەی کۆتاییە، بکات.

loading....