خامنەیی: دانوستانەکان لە هەنگاوی یەکەمدا بەباشی بەڕێوەچوون

test
عەلى خامنەیى، رێبەرى باڵای شۆڕشى کۆمارى ئیسلامى ئێران

عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران رایگەیاند، نە لە رادەردەبەدەر گەشبینە بە دانوستانەکە نە لە رادەبەدەریش رەشبینە پێی.

عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران ئەمڕۆ سێشەممە 15ی نیسانی 2025 لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەی لە تاران رایگەیاند، دانوستانەکان لە هەنگاوەکانی سەرەتایدا بە باشی بەڕێوەچوون، گوتیشی، نە لە رادەردەبەدەر گەشبینە بە دانوستانەکان نە لە رادەبەدەریش رەشبین.

بەگوێرەی میدیای ئێران، خامنەیی لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکانی عومانی بە یەکێک لە ئەرکە قورسەکانی سەرشانی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی زانیوە و داوای لە بەرپرسانی وڵاتەکەی کردووە، کێشەکانی ناوخۆی ئێران نەبەستنەوە بە دانوستانەکانەوە.

رێبەری باڵای ئێران گوتوشیەتی، بە لایەنی بەرامبەریان لە دانوستانەکان زۆر رەشبینە، بەڵام بە تواناکانی خۆیان وەک ئێران گەشبینە، دەشڵێت، نابێت هەڵەکانی رێکەوتنەکەی 2015ە لەم دانوستانانە دووبارە ببنەوە.

عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران گوتیشی، "ئەم گفتوگۆیانە یەکێکن لەو دەیان کارانەی سەرشانی وەزارەتی دەرەوە، یانی وەزارەتی دەرەوە دەیان کاری هەیە و یەکێکیان ئەو گفتوگۆیانەیە، مەبەستم گفتوگۆکانی عومانە کە لەم دواییەدا ئەنجامدارا".

ئەوەشی گوت، "نابێت مەسەلەکانی وڵات بەم گفتوگۆیانە گرێبدرێن، نابێت ئەو هەڵانەی لە رێککەوتنی پێشووی ئەتۆمی کردوومانن، ئەمجارە دووبارەیان بکەینەوە، دەبێت جارێ بزانین کۆتایی دانوستانەکان بە کوێ دەگات، دەبێت وڵات کارەکانی خۆی بکات کە بە جۆرێک بێت ئەم بابەتانە نەبەسترێنەوە بەو گفتوگۆیانەوە لە عومان دەستیانپێکردووە".

باسی ئەوەشیکردووە، "بە گفتوگۆکانیش نە لە رادەبەدەر گەشبینین نە لە رادەبەدەر رەشبینین، لە هەنگاوی یەکەمدا بەباشی دانوستانەکان بەڕێوەچوون، بە لایەنی بەرامبەر رەشبینین، چونکە باش دەیانناسین، بەڵام بە تواناکانی خۆمان گەشبینین".