حەماس: لە 48 کاتژمێردا وەڵامی پێشنيازە نوێکەی ئيسرائيل بۆ ئاگربەست دەدەينەوە

لەگەڵ بەردەوامیی بۆردوومانی سەر شارەکەیان، خەڵکی غەززە هیوایەکی بچوکیان بۆ دروستبووە، حەماس دەڵێت، پێشنیازێکیان بۆ ئاگربەست دراوەتێ و لە کەمتر لە دوو رۆژدا وەڵامی دەدەنەوە.
پاش نزیکەی مانگێک لە دەستپێکردنەوەی هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانی ئیسرائیل لە سەرانسەری غەززە، بۆ فشارخستنەسەر حەماس بە ئازادکردنی ئەو بارمتانەی لای ماونەتەوە، بزووتنەوەکە دەڵێت، پێشنیازی ئاگربەستی نوێیان لە ئیسرائیلەوە پێگەیشتووە و تاوتوێیدەکەن.
کۆتایی هەفتەی رابردوو ئەم پێشنیازە لە قاهیرە لەلایەن بەرپرسانی میسڕەوە، کە نێوەندگيریی دەکات بۆ ئاگربەست، گەيەندراوەتە دەست حەماس.
حەماس دەڵێت، "بە ئەگەرێکی زۆرەوە لەماوەی 48 کاتژمێردا وەڵامیان دەبێت"، خەڵکی غەززەش بەو ئومێدەن ئاگربەست بگاتە ئەنجام.
لوئەی ئەبو عۆدە، ئاوارەی غەززە لەوبارەیەوە دەڵێت، "هيوای باشترين دەخوازين، هیوادارین دانوستانکاران و ناوبژیوانانی میسڕ، قەتەڕ و ئەمریکا هەنگاو بۆ چارەسەری تەواوەتیی پرسی فەڵەستین، هاتنە ناوەوەی یارمەتییەکان، کۆتاییهاتنی شەڕ، دەستپێکردنی قۆناغی ئاوەدانکردنەوە بنێن".
بەرپرسێکی حەماس لەبارەی ناوەرۆکی ئاگربەستەکەوە رايگەياندووە، پێشنيازەکە پێکهاتووە لە 45 رۆژ ئاگربەست بە مەرجی گەڕاندنەوەی 10 بارمتەی زيندوو، لەگەڵ 16 تەرم بۆ ئیسرائیل.
لەبەرامبەردا ئيسرائيل هەزار و 231 زيندانی فەڵەستينی ئازاد دەکات، هەروەها رێگە بە چوونی هاوکارييە مرۆييەکان دەدات بۆناو کەرتی غەززە، کە لە 2ـی مانگی ئازارەوە بە تەواوەتی راگيراوە.
لە پێشنيازەکەدا ئەوەش هاتووە، دەبێت هەر بارمتەيەک بەشێوەيەکی ئاسايی ئازادبکرێت، ئەوەش بەپێچەوانەی ئازادکردنەکانی پێشوو، کە بە نمايشی سەربازی بەڕێدەکران.
نەورەس فەياز ئاوارەیەکی دیکەی غەززە و گوتی، "حەماس دەبێت بەردەوام فشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕ بهێنێت، بەهۆی ژمارەی شەهيدەکانمان و ئەو وێرانکاری و ئازار و ترسە دەروونييەی لە سەرەتای شەڕەوە، کە ساڵ و نيوێکە تيايدا دەژين نە رۆژێکە و نە دوو رۆژ".
بزووتنەوەی حەماس جەختيکردووەتەوە، ئارەزووی کۆتایيهێنان بە شەڕ دەکات و ئامادەيە سەرجەم بارمتەکان ئازاد بکات، بەو مەرجەی نێوەندگيرەکان گرەنتیی ئەوە بدەن، کە ئيسرائيل پابەند دەبێت بە رێککەوتنەکەوە".
دايکی يەزن یەکێکە لە ئاوارەکانی غەززە لەو بارەیەوە گوتی، "نێوەندگیرەکان دەبێت فشار بخەنە سەر هەموو لایەنەکان، ئەوان رۆڵێکی کاریگەریان هەیە و ئێمە سوپاسیان دەکەین، بەڵام هەوڵی زياتری دەوێت، فشاری زیاتر لەسەر لایەنەکان پێويستە بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە قۆناغی کۆتایی جەنگەکە، چاوەڕێی قۆناغی کۆتایی دەکەین، منیش لێیان دەپرسم، کەی دەگەینە قۆناغی کۆتایی؟"
بە گوتەی رێکخراوەکانی سەربە نەتەوەيەکگرتووەکان، ئێستا مەترسیی قەيرانی مرۆيی لە غەززە هيچی کەمتر نييە لە مەترسييە راستەوخۆکانی جەنگەکە لەسەر فەڵەستينييەکان، بەجۆرێک بەشێک لە کەلوپەلە سەرەکييەکانی ژيانی رۆژانە نەک کەمن، بەڵکو بەردەستيش نين.