بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازیی لە عەمار حەکیم کرد

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازسی لە عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە کرد.
لە دیدارەکەیاندا بافڵ جەلال تاڵەبانی و عەمار حەکیم دۆخی سیاسیی عێراق، دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان تاوتوێکرد.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆکی رەوتی حیکمە جەختیان لە کارکردنی پێکەوەیی لایەنە سیاسییەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان کردەوە تاوەکو وڵات نەبێتە بەشێک لە کێشە و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.
لە کۆبوونەوەکەدا باسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا و سەرۆکی یەکێتی رایگەیاندووە، "داواکارییەکانی ئێمە داواکاریی هاونیشتمانییانە، کە دەبێت حکومەتێکی خزمەتگوزار بۆ خزمەتکردنی تەواوی ناوچەکان بەبێ جیاوازی پێکبهێنرێت و هیوادارین لە نزیکترین کاتدا شاندی دانوستانکاری یەکێتی و پارتی بگەنە رێککەوتن".