چینییەکان بۆ ساغکردنەوەى بەرهەمەکانیان بەدواى کڕیارى نوێ دا دەگەڕێن

شەڕى بازرگانیی ئەمریکا و چین بووە بە دیفاکتۆ و بازرگانە چینییەکان دەستیان شتووە لە سازش و رێککەوتنى نێوان پەکین و واشنتن و بەدواى کڕیارى نوێدا دەگەڕێن.
بازرگانەکان لە باشووری چین پێشانگەیەکیان بەناوی کانتۆن کردووەتەوە و بەرهەمەکانیان نمایش دەکەن، تاوەکو گرێبەستی نوێ لەگەڵ کۆمپانیای دیکە ئەنجامبدەن، لەکاتێکدا دەیان ساڵە ئەم شوێنە، ناوەندی سەرەکیی هەناردەکردن بووە بۆ ئەمریکا و کڕیارە ئەمریکییەکان.
هۆو کێیاو، خاوەن کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنەری رووناکییە و دەڵێت، "باجەکانی ئەمریکا لەسەر چین ئێستا گەیشتووەتە 145%، کاریگەرییەکانی بۆ ئێمە زۆر گەورەیە، چونکە ئەمریکا بازاڕی سەرەکیمانە، زۆر خێرا ژمارەکان دەگۆڕان، تەنانەت کاتمان نەبوو زیانەکان هەژمار بکەین، هیوادارم دەسەڵاتدارانی هەردوولا لە گفتوگۆدابن بۆ چارەسەری کێشەکە، لانیکەم هەوڵبدرێت باجەکان لە هەمان ئاستی پێشوودا بمێننەوە".
ئێستا هەر بازرگانێکی چینی کاڵا لە ئەمریکاوە هاوردە بکات، دەبێت سەرەڕای نرخی کاڵاکەی %125ـی نرخەکەی بداتە گومرگی چین، هەروەها بازرگانێکی ئەمریکییش ئەگەر کاڵایەک لە چینەوەهاوردە بکات، دەبێت سەرەڕای نرخی کاڵاکەی 145%ـی نرخەکەی بداتە گومرگی وڵاتەکەی، ئەمەش تێچووەکان زیاتر دەکات و نرخەکان بەرزتر دەکاتەوە.
جان ژوو، فرۆشیارى کۆمپانیایەکی دیکەی ڕووناکییە لە چین و رایگەیاند ،"ئەم باجە کاریگەریی ناڕاستەوخۆی لەسەرمان هەیە، ئابووریی جیهان لەیەکتر جیا ناکرێتەوە، گۆڕانکاریی دروستدەبێت لە پیشەسازییەکەماندا، هیوادارین بتوانین بەرگەی ئەم تاقیکردنەوە بگرین و پێشوازی لە هاتنی لوتکەی داهاتووی بازرگانیی دەرەکی بکەین."
سەرەڕای باجەکان پێشانگەکە جمەى دێت لە کڕیاری نوێ و بەگوێرەی رێکخەرانى پێشانگەکە، نزیکەی 31 هەزار کۆمپانیا و 74 هەزار کۆشک لە پێشانگەکەدا پێشوازییان لە کڕیاران کردووە بۆ گرێبەستی نوێ.
یانگ هۆنگجی، خاوەنی گروپی هۆنگ لەو بارەیەوە گوتی، "پاش ئەو باجانەی ترەمپ سەپاندوویەتی بەسەرماندا، رەنگە پەیوەندیی بازرگانمیان بەهێزتر بێت لەگەڵ وڵاتانی رێگەی ئاوریشم و بازرگانیمان لەگەڵ وڵاتانی دیکە فراوانتر بێت".
سەپاندنی بەرفراوانی باجەکانی ترەمپ لەم مانگەدا بووەتە هۆی ناجێگیرییەکی گەورە لە بازاڕە داراییەکانی جیهان و ترسی لە پاشەکشەی بازرگانی لە جیهاندا دروستکرد.
سەرەڕای ئەوەی سزاکان تاوەکو 90 رۆژ بۆ زۆربەی وڵاتان هەڵپەسێردران، بەڵام لەسەر نزیکترین هاوبەشی بازرگانیی، کە چینە بەڕێژەى 145% زیادکرا، ئەمەش بەر تەسکبوونەوەی دەرچەی بازرگانیکردنی نێوان هەردوو وڵاتەکەی بەرامبەر یەکتر لێدەکەوێتەوە، لەبەرامبەردا چین بەدوای جێگرەوەدا بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانی دەگەڕێت، لەپای ئەو زیانەی لەچۆڵکردنی بازاڕەکانی ئەمریکا بەریدەکەوێت.