ماکرۆن: ئازادکردنی بارمتەکان و هەڵوەشاندنەوەی حەماس کاری لە پێشینەی پاریسە

test
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا فۆتۆ: AFP

سەرۆکی فەڕەنسا بە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی راگەیاند، دەبێت ئازارەکانی هاوڵاتییانی غەززە کۆتایی بێت و رێککەوتنى ئاگربەستیش تاکە چارەسەرە بۆ ئازادکردنی بارمتەکان، لەبەرامبەردا نەتانیاهوو دەڵێت، "دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستین خەڵاتێکی گەورەیە بۆ تیرۆر".

ئەمڕۆ سێشەممە (15ـی نیسانی 2025) ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو ئازار و نەهامەتییەی خەڵکی غەززە پێیدا تێپەڕدەبن دەبێت کۆتایی بێت.

سەرۆکی فەڕەنسا داواشی کرد، سەرجەم دەروازەکان بۆ گەیاندنی هاریکاریی مرۆیی بۆ خەڵکی غەززە بکرێتەوە، هەروەها تاوەکو ئێستا ئازادکردنی بارمتەکان و هەڵوەشاندنەوەی حەماس، کاری لە پێشینەی پاریسە.

لەبەرامبەردا نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەر لەسەر پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، سەرۆکوەزیران بە توندی دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستینى رەتکردووەتەوە، بەبیانووى ئەوەی دەبێتە "خەڵاتێکی گەورە بۆ تیرۆر".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، سەرۆکوەزیران گوتوویەتى، "دروستبوونی دەوڵەتێکی فەڵەستینی، کە چەند خولەکێک دوورە لە شارەکانی ئیسرائیل، دەبێتە بنکەیەنی بەهێزی تیرۆری ئێرانی".

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریدا لەوەی چەند هەفتەیەکە هاریکاری لە دەروازەکانەوە ناگەیەندرێنە غەززە و قەیرانی مرۆیی کەرتەکە بەمجۆرە لە کۆنترۆڵ دەردەچێت.

بزووتنەوەی حەماسیش دوێنێ رایگەیاند، ئیسرائیل پێشنیازی ئاگربەستێکی 45 رۆژیی کردووە، بە مەرجی ئەوەی نیوەی بارمتە راگیراوەکان هەرئێستا ئازاد بکات.

هەفتەی رابردوو ماکرۆن لە لێدوانێکیدا بەرپرسانی ئیسرائیلی توڕەکرد، کاتێک رایگەیاند، فەڕەنسا لە کۆنفرانسی داهاتووی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە مانگی حوزەیران دەتوانێت دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێت.

loading....