جەهەپە: ناوێرن ناوێک بۆ ئەو پرۆسە نوێیە دابنێن کە لەبارەی کێشەی کورد بەڕێوەدەچێت

سەرۆکی جەهەپە رایگەیاند، پێویستە ئەو پرۆسەیەی لەبارەی کێشەی کورد بەڕێوەدەچێت بهێنرێتە پەرلەمان و جارێکی دیکەش ئەردۆغانی بە سەرۆکی دەسەڵاتی کودەتا ناوبرد.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی کۆماریی گەل "جەهەپە"، لە وتارێکیدا کە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان پێشکەشی کرد رایگەیاند، "پرۆسەیەکی نوێ لەبارەی کێشەی کورد بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەوانەی بەڕێوەیدەبەن، لە ناونانی پرۆسەکە دەترسن، هەربۆیە بە نهێنی و شاراوەیی بەڕێوەیدەبەن."
ئۆزەل گوتیشی، پێویستە ئەو پرۆسەیەی هەیە روون و راشکاو بێت و بهێنرێتە پەرلەمان، بۆ ئەوەی پەرلەمان کاری لەسەر بکات و پشتیوانیی پەرلەمان، پەرلەمانتاران و کەسوکاری قوربانییەکان بەدەستبهێنێت.
سەرۆکی جەهەپە لەبارەی کۆبوونەوەکەی نێوان پارتی دەم و یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا، کە بڕیارە رۆژی هەینی بەڕێوەبچێت، گوتی، وا راگەیەندراوە، کۆبوونەوەکە بۆ ئەوەیە هەنگاوی یاسایی بنرێت، بێگومان ناکرێت گفتوگۆ تەنیا لەنێوان شاند و وەزارەتەکان بکرێت. دەبێت گفتوگۆکان لە زەمینەی پەرلەمانیشدا بکرێن.
باسیلەوەشکردووە، کاتێک جەهەپە دەیگوت؛ پێویستە پرسی کورد بە رێگە دیموکراسییەکان چارەسەر بکرێت، پێیان دەگوتن، شتێک نییە بە ناوی پرسی کورد، کەچی ئێستا کە خۆیان زۆریان بۆ هاتووە، وردە وردە باس لە رێکخستنەوەی یاسایی و گۆڕانکارییە یاساییەکان دەکەن.
ئۆزەل جارێکی دیکە ئەردۆغانی بە سەرۆکی دەسەڵاتی کودەتا ناوبرد و گوتی، "جارێکی دیکە دەیڵێمەوە، ئەوەی لە تورکیا روودەدات کودەتای مەدەنییە، شوێنی بەڕێوەبردنی کودەتاکە کۆشکی کۆماریی تورکیایە، هەموو کودەتایەک دەسەڵاتێکی کودەتاچی ئەنجامیدەدات و سەرۆکی ئەو دەسەڵاتەش رەجەب تەیب ئەردۆغانە. ئەو کەسەشی پارەی ئەو کودەتایە دابین دەکات، محەمەد شیمشەک، وەزیری دارایی تورکیایە. هەمووشیان رۆژێک لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت."