عێراق 60% باجى گومرگى لەسەر هاوردەکردنى پلاستیک زیادکرد

test
ئەنجوومەنی وەزیرانى عێراق بڕیاریدا باجى گومرگى بەرێژەى سەد لە 60 لەسەر ماددەى پلاستیکى یەکجار بەکارهاتوو زیاد بکات

ئەنجوومەنی وەزیرانى عێراق بڕیاریدا باجى گومرگى بەرێژەى 60% لەسەر ماددەى پلاستیکى یەکجار بەکارهاتوو زیاد بکات و سەرچاوەیەکى باڵاى حکومەتى هەرێمى کوردستانیش بە کەناڵ8ـى راگەیاند، "ئێمە پابەند نابین بە زیادکردنى باجى گومرگییەوە".

رۆژى سێشەممە 15ـى نیسانى 2025، ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بڕیاریدا باجی گومرگی بە رێژەى 60% بخاتە سەر ئەو بەرهەمە پلاستیکییانەى یەکجار بەکاردەهێنرێن، کە لە وڵاتانی دیکەوە هاوردەی عێراق دەکرێن، باجەکەش بۆ ماوەی چوار ساڵ بەردەوام دەبێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، وەزارەتی پیشەسازی، چاودێریى بڕى زیادبوونی هاوردەکردنى پلاستیک دەکات و بڕیارەکەش پاش 120 رۆژ دەکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

هاوکات، سەرچاوەیەکى باڵا لە حکومەتى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ـى راگەیاند، "پێناسەى گومرگى لەنێوان هەرێمى کوردستان و عێراق تاوەکو ساڵى 2019 وەک یەک بووە، بەڵام بەغداد پێوەى پابەند نەبووە و باجى گومرگییان لەسەر بەشێکى زۆر لەو کاڵایانەى هاوردە دەکرێت زیاد کردووە".

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشى گوت، "حکومەتى هەرێمى کوردستان پابەند نابێت بە زیادکردنى باجى گومرگى پلاستیکى یەکجار بەکارهاتوو، لەکاتێکدا بەگوێرەى ئامارەکانى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیی گومرگى هەرێمى کوردستان، ساڵانە نزیکەى 22 ملیۆن کیلۆگرام ماددەى پلاستیکیی یەکجار بەکارهاتوو دەهێنرێتە هەرێمى کوردستان.

عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەى بڕێکى زۆر ماددەى یەکجار بەکارهاتوو، کە بە سەفەرى ناودەبرێت، هاوردە دەکات، بەتایبەتیش لە وڵاتى ئێرانەوە، بە جێبەجێکردنى ئەم بڕیارەش ماددەى یەکجار بەکارهاتووى هاوردەى وەکو سفرە و قاپ و کەوچکى پلاستیکى و ژمارەیەک پێداویستى دیکە نرخیان گران دەبێت.

loading....