چوارشەممەی سوور جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەکانە و لەو جەژنەدا 365 چرا دادەگیرسێنن

چوارشەممەی سوور، یاخود جەژنی سەری ساڵ، کۆنترین جەژنی ئێزدییەکانە و لەسەرتاسەری جیهاندا لەو رۆژەدا ئاهەنگ دەگێڕن.
سێیەم چوارشەممەی مانگی نیسانی هەموو ساڵێک بە رۆژمێرى زایینى و یەکەم چوارشەممەى نیسان بە رۆژمێرى رۆژهەڵاتى، ئێزدییەکان دەیکەن بە جەژنی سەری ساڵی خۆیان و لەو رۆژەدا بە جلوبەرگی رەنگاوڕەنگ و پەیڕەوکردنی رێوڕەسمە ئاینییەکان و سەردانی پەرستگەی لالش دەکەن و ئاهەنگ دەگێڕن.
رێوڕەسمەکانی چوارشەممەی سوور، لە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممەوە دەستپێدەکات و بەشێک لە ئێزدییەکان سەردانی گۆڕی ئازیزانیان دەکەن و دەست دەکەن بە رازاندنەوەی ماڵەکانیان.
یەکەم چالاکیی چوارشەممەی سوور، لە پەرستگەی لالشەوە دەستپێدەکات، لەلایەن بابا شێخی ئیزدییەکانەوە سەرپەرشتیی دەکرێت و ئاگر لە پەرستگەکە دەکرێتەوە و دواتر 365 چرا دادەگیرسێنن، کە بە واتای ژمارەى رۆژەکانی ساڵ دێت و واتا و مەبەستی ئاگرکردنەوە لەو پەرستگەیە، دوورخستنەوەی رۆحە خراپەکان و ئاماژەی هاتنی خێر و خۆشییە.
لە چوارشەممەی سووردا هەموو خێزانێکی ئێزدی ژمارەیەک هێلکەی کوڵاو ئامادە دەکەن و و دواتر دەستدەکەن بە رەنگکردنیان.
هێلکە لای ئێزدییەکان بەواتاى ئافراندنى زەوی دێت، بۆچوونیان وایە، تاوسى مەلەک لە مانگى نیساندا زەویی ئاوەدانکردووەتەوە و ئەم جەژنەش گرێدراوە بە سروشت و نوێبوونەوەوە و رەنگکردنى هێلکەش بەواتای نەخشاندنی زەوی و پێشوازیکردن لە سەری ساڵی ئێزدییەکانە.
ئێزدییەکان لە مانگى نیساندا پرۆسەى هاوسەرگیریی ئەنجامنادەن، چونکە لاى ئەوان مانگى نیسان مانگى پشکوتنى گوڵ و رەنگاوڕەنگییە و بەواتاى بووک دێت لاى ئەوان.
ئێزدییەکان لە ساڵێکدا شەش جەژنیان هەیە، ئەوانیش جەژنا رۆژیێن ئیزى، چوارشەمما نیسان، خدر ئەلیاس، جەژنا چلەى هاوینێ و چلەى زستانێ، جەژنا قوربان.
ئێزدییەکان لە جیهاندا
هەرچەندە ئامارێکی ورد لەبارەى ژمارەى ئێزدییەکانەوە بەردەست نییە، بەڵام بەگوێرەى سەرچاوەیەکان، ژمارەیان لە نێوان 900 هەزار بۆ ملیۆنێک دەبێت.
نیشتمانی سەرەکیی ئێزدییەکان عێراق و سووریایە، بەڵام پەیڕەوانی ئەو ئایینە لە وڵاتانی وەک تورکیا، ئەرمینیا، جۆرجیا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا بوونیان هەیە.
ژمارەى ئێزدییەکان لە عێراق بە نزیکەی 600 بۆ 650 هەزار کەس دەبێت، لە سووریا نزیکەی 50 هەزار کەسن.
بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە، لە دوای ساڵی 2014، ژمارەیەکی زۆر لە ئێزدییەکان بۆ وڵاتانی ئەوروپا کۆچیان کرد، زۆرترینیان لە ئەڵمانیا گیرسانەوە و ژمارەیان لە نێوان 100 بۆ 120 هەزار کەس دەبێت.
لە ئەرمینیا 60 هەزار ئێزدی بوونیان هەیە، لە جۆرجیا ژمارەیان نزیکەی 20 هەزار کەسە و لە رووسیا 40 هەزار کەس دەبن و لە هۆڵەندا نزیکەی پێنج هەزار ئێزدی نیشتەجێن و نزیکەی چوار هەزار ئێزدیش لە سوید دەژین.