دوا پشکنینەکان چی لەبارەی تەندروستیی سەرۆک ترەمپەوە دەڵێن؟

test
راپۆرتەکە وەرزشی گۆڵف بە هۆکارێکی تەندروستیی ترەمپ دەزانێت

کەناڵ8- سلێمانی

دوا راپۆرتی پزیشکەکەی دۆناڵد ترەمپ لەلایەن کۆشکی سپییەوە بڵاوکرایەوە و تێیدا دەڵێت تەندروستیی سەرۆک نایابە و "لەوپەڕی لێهاتووییدایە" بۆ راپەراندنی ئەرکەکەی، میدیاکانیش ئاماژە بە وردەکاریی پشکنینەکانی دەکەن.

دۆناڵد ترەمپ رۆژی هەینیی رابردوو لە ناوەندی پزیشکیی سەربازی واڵتەر رید ئامادەبوو بۆ ئەنجامدانی یەکەمی پشکنینی گشتگیری تەندروستیی جەستەیی، دەروونی و هزریی خۆی لەپاش وەرگرتنی خولی ئێستای سەرۆکایەتیی ئەمریکا و رەزامەندیشی داوە کە  د. سیان باربێللا ئەنجامەکان بڵاوبکاتەوە.

بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکە، کێشی سەرۆک 101 کیلۆگرامە و باڵای 190 سانتیمەترە، لێدانی دڵی 62 ترپەیە لە خولەکێکدا و فشاری خوێنی 128/74 مللیمەتر جیوەیە.

بەگوێرەی هاوکێشەی پێوانەی کێش و باڵا، سەرۆک کێشی لە ئاسایی زۆرترە، بەڵام پێناسەی قەڵەویی بەسەردا ناچەسپێت.

لەچاو دوا پشکنینی گشتگیری پزیشکیی ترەمپ کە 2020 ئەنجامدرا، کێشی سەرۆک نۆ کیلۆگرام دابەزیوە و ئاستی چەورییەکانی خوێنیشی تەندروستانەترن.

پشکنینی توانا هزرییەکان

بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە تاقیکردنەوەی هزریدا سەرۆک 30 لە 30ی هێناوە و ترەمپیش دوای تەواوکردنی تاقیکردنەوەکە بە رۆژنامەنووسانی گوت "هەموو پرسیارەکانم بە دروستی وەڵام دایەوە". لەم پشکنینەدا پزیشکەکان هەندێک پرسیاری خێرا لە کەسەکە دەکەن بۆ ئەوەی ئەگەر تووشی سەرەتاکانی لەبیرچوونەوە و گرفتی یادەوەری بووبێت زوو دەستنیشانی بکەن.

ناوبینیی کۆڵۆنی کردووە

بەپێی هەمان راپۆرت، هاوینی 2024 سەرۆک ترەمپ ناوبینیی کۆڵۆن (نازوور)ی کردووە و لە ریخۆڵەیدا تەنیا گرێیەکی خاوێن و هەوکردنی گیرفانیی ریخۆڵە ئەستوورەی هەبووە.

جموجووڵ و چالاکیی جەستەیی زۆرە

د. باربێللا دەڵێت ترەمپ "تواناکانی دڵ، سی، مێشک و جەستەی بە گشتی بەهێزن" و خولیا وەرزشییەکانی وەکو گۆڵف و چالاکیی جەستەیی دیکە وادەکەن تەندروستییەکی باشی هەبێت.

بۆ بینینی تەواوی راپۆرتە پزیشکییەکە، کلیک بکە