ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک داوادەکات تۆپزاوە بکرێتە مۆنۆمێنت

شەش ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک داواکارییەک ئاڕاستەى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاکە دەکەن تاوەکو سەربازگەى تۆپزاوە بکرێتە مۆنۆمێنت.
بەگوێرەى نووسراوێک، شەش ئەندامى فراکسیۆنەکانى یەکێتى و پارتى لە ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک، لە سەروبەندى 37ـەمین ساڵیادى تاوانى جینۆسایدى ئەنفال دژ بە گەلى کورد، داوا لە سەرۆکى ئەنجوومەنەکە دەکەن، لە رێگەى وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوانى هەرێمى کوردستان و دامەزراوەى شەهیدانى حکومەتى فیدراڵییەوە، سەربازگەى تۆپزاوە بکرێتە مۆنۆمێنتێک بۆ بیرهێنانەوەى ئەو تاوانە گەورەیەى دژ بە گەلى کورد ئەنجامدراون.
رۆژى 14ي ئەم مانگە رێبوار تەها، پارێزگارى کەرکوک رایگەیاند، هەوڵى دروستکردنى دوو مۆنۆمێنت لە کەرکوک دەدەن، مۆنۆمێنتى یەکەمیان ئەوەى سەربازگەى تۆپزاوەیە و مۆنۆمێنتى دووەمیش بۆ شەهیدانى سەرجەم نەتەوەکانى کەرکوکە.
لە سەروبەندى شاڵاوەکانى ئەنفالدا لە ساڵى 1988، نزیکەى سەرجەم ئەو هاونیشتمانییانەى لەلایەن رژێمى بەعسەوە بەر شاڵاوەکانى ئەنفال کەوتن، دەگوازرانەوە بۆ سەربازگەى تۆپزاوە و لەوێدا بەگوێرەى تەمەن و رەگەز جیادەکرانەوە.
بەگوتەى ئەو کەسانەى لە سەربازگەکە دەربازیان بووە، رۆژانە ژمارەیەک لە ئەنفالکراوان بەهۆى مامەڵەى نەشیاو و ئەشکەنجە و پێنەدانى خواردن و خواردنەوەوە گیانیان لەدەستداوە، کە زۆرینەیان منداڵ بوون.