رووماڵی کەناڵ8
نۆیەمین دیدارى سلێمانى بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ بە ئامادەبوونى محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان و بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسانى باڵاى عێراق و هەرێمى کوردستان، نۆیەمین دیدارى سلێمانى بەڕێوەچوو.
لەدیدارەکەدا، 700 بەرپرسى سیاسى و کەسایەتى لە هەرێمى کوردستان و عێراق، ئێران، ئەمریکا و ئەوروپا و وڵاتانى ناوچەکە بەشدارییانکرد و تیایدا گفتوگۆ لەبارەى کێشەکانى عێراق و ناوچەکە و هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عێراق دەکرێت.
لە دیدارەکەدا مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان بەشداریی کرد و هەریەکە لە سەرۆکوەزیرانى عێراق و سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان وتارى تایبەتیان هەبوو.
دیدارەکە ماوەى دوو رۆژ لە زانکۆى ئەمریکى لە سلێمانى بەردەوامدەبێت و چەند پانێڵێک پێشکەش دەکرێن و باس لە کێشەکان و دۆزینەوەى رێگەچارەى گونجاو بۆ چارەسەرکردنیان دەکرێت.
ئامانج و تەوەرەکان و مێژووی دیدارەکانی سلێمانی
دیدارى سلێمانى، یەکێکە لە دیدارە سیاسییەکان لە عێراق و ناوچەکە، لە ساڵى 2013ەوە لەلایەن سهنتهری لیكۆڵینهوهی ههرێمی و نێودهوڵهتی له زانكۆی ئهمریكی لە سلێمانی دەستیپێکردووە.
دیدارى سلێمانى، سەکۆیەکە بۆ گفتوگۆ و دیبەیت لە نێوان سەرکردەکاندا لەسەرانسەرى جیهان، تیایدا سیاسییەکان، توێژەران، چالاکوانان و رۆژنامەنوسان، لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، ئەوروپا و ئەمریکاوە بەشداریى تێدا دەکەن، ئەمساڵ دەبێتە نۆیەمین دیداری سلێمانی.
هەروەها لە دیدارەکەدا بابەتەکانی سیاسەت، ئابووری، ژینگە، یاسا، مافی مرۆڤ، تەندروستی، وزە و چەندین پرسی دیکە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.
هاوکات کەسانی بیرمەند، پسپۆڕ، شارەزا و بڕیاربەدەستانی هەرێمى کوردستان و عێراق و ناوچەکە و جیھان کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پرسە ناوچەی و جیھانییەکان.
بۆ یهكهمجار لهشاری سلێمانی زانكۆی ئهمریكی لە سلێمانی ئەم كۆڕبهندە ساڵانەیەی بهناوی (دیداری سلێمانی) دەستپێکرد.
دیدارەکانی سلێمانی
یەکەمین دیداری سلێمانی لە رۆژانی 12 و 13 ـى ئازاری 2013 بەناونیشانی "جیۆپۆلەتیکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" بەڕێوەچوو.
دووەمین دیداری سلێمانی لە رۆژانی 4 و 5ـى ئازاری 2014 دووەمین دیداری سلێمانی بەڕێوەچوو، بەناونیشانی "ئالنگارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
سێیەمین دیداری سلێمانی رۆژانی 11 و 12 ـى ئازاری 2015 بەڕێوەچوو.
چوارەمین دیدارى سلێمانى لە رۆژی 16ـى ئازاری 2016 لە زانکۆی ئەمریکی دەستیپێکرد و بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بوو.
پێنجەمین دیداری سلێمانی رۆژانی 8 و 9 ـى ئازاری 2017 لەژێر دروشمی "قۆناغی دوای داعش، كۆتایهێنان بەگێژاوی شەڕ، بەرەو چارەسەری بەردەوام" بەرێوەچوو، بەشێكی گفتوگۆكان تایبەت بوون بەدۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ كێشە چەقبەستووەكان لە دوای داعش.
شەشەمین دیداری سلێمانی لە رۆژانی 6 و 7 ـى ئازاری 2019 لە ژێر ناونیشانی "عێراق و وڵاتانی دراوسێ، بهرهو سیستمێكی نوێی ههرێمایهتی" بەڕێوەچوو.
حەوتەمین دیداری سلێمانی رۆژانی 15 و 16 ـى ئازاری 2023 بە دروشمی "پاش 20 ساڵ عێراق و ناوچەکە لەنێوەندی ئاڵنگارییە جیھانییە نوێیەکان" بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر سیاسەتمەداری نێودەوڵەتی و ناوچەیی بەڕێوەچوو.
هەشتەمین دیداری سلێمانی لە رۆژی 17 ـى نیسانی 2024 بە ناونیشانی "ململانێکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست" بە سپۆنسەریی کەناڵ8 و بە بەشداریی دەیان کەسایەتیی سیاسی و ئەکادیمی لە ناوخۆی هەرێمى کوردستان و عێراق و دەرەوەی وڵات، لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بەڕێوەچوو.
نۆیەمین دیداری سلێمانی لە رۆژانی 16-17ـى نیسانى 2025 بەڕێوەدەچێت، کە "ئاشتی ناوچەکە" بابەتی سەرەکیی نۆیەمین دیداری سلێمانییە.
بڕیارە لە نۆیەمین دیدارى سلێمانى گفتوگۆ لەبارەى رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا لە گۆڕانكارییەكانی سیستمی جیهانی، هەروەها ئێران، عێراق و رێڕەوی وڵاتی شام بکرێت.
هەروەها تاوتوێى یەكگرتنی ئابووریی هەرێمایەتی و باكووری رۆژهەڵاتی سووریا و لێكەوتەكانی لەسەر عێراق دەکرێت.
هاوکات، لە نۆیەمین دیدارى سلێمانى هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و سەرهەڵدانی جوڵەی سیاسی گفتوگۆى لەسەر دەکرێت.
نۆیەمین دیداری سلێمانی لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت
سلێمانى جارێکى دیکە لە نۆیەمین دیداری خۆیدا سەرکردە و بەرپرسانى ناوخۆیی و نێودەوڵەتى کۆدەکاتەوە.
رۆژانی 16 و 17ی نیسانی 2025 نۆیەمین "دیداری سلێمانی" لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بەرێوەدەچێت و تیایدا گرینگترین ئاڵنگارییەکانی عێراق و ناوچەکە و جیهان تاوتوێدەکرێت و بابەتی سەرەکیی دیدارەکەی ئەمساڵیش "ئاشتیی ناوچەکەیە."
دیداری سلێمانی، دێرینترین و كاریگەرترین دیدارە بۆ سیاسەت لە هەرێمى کوردستان، کە لەسەر ئاستێكی باڵا ، میوانداریی سەركردە و بیرمەند و بڕیاربەدەستانی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا، ئەمریكا و هەموو جیهان دەكات، کە سەرۆكی وڵاتان، دیپلۆماتكاران، لێپرسراوانی باڵا، ئەكادیمی و شیكەرەوەی دامەزراوە سیاسی و هزرییە پێشەنگەكان بەشداریی تیادا دەكەن.
دیداری ئەمساڵ بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییە دیارەكاندا دەبەسترێت، لە نێویاندا؛ چاتم هاوس، پەیمانگای ئیتاڵی بۆ كاروباری نێودەوڵەتی (IAI)، پەیمانگای عیسام فارس لە زانکۆی ئەمریکیی بەیروت، دامەزراوەی سەدە و گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی.
واچاوەڕوان دەکرێت، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و چەند وەزیرێکی حکومەتی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و چەند وەزیرێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدیداری سلێمانیدا ئامادەبن.
بەگوێرەی بەرنامەی کاری دیدارەکە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە، محەمەد حەسان، نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان، هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و دکتۆر بەرهەم ساڵح، دامەزرێنەری زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی، ئامادەبن.
لە دیدارەكەدا گفتوگۆش دەربارەی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و بارودۆخی سیاسی ناوخۆیی دەكرێت، كە چۆن گۆڕانكارییە ناوخۆییەكان لەگەڵ جوڵە و پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەوتییەكاندا یەكانگیر دەبن.
هەروەها پرسە ناوچەییەکان تاوتوێدەکرێت، لە ناویاندا حكومەتی نوێ لە دیمەشق، گۆڕانكارییەكانی لوبنان و جەختكردنەوەی زیاتر لەسەر ئاڵنگارییەکانی رۆژئاوای کوردستان.
دیدارى سلێمانى، یەکێکە لە دیدارە سیاسییەکان لە عێراق و ناوچەکە، لە ساڵى 2013ەوە لەلایەن سهنتهری لیكۆڵینهوهی ههرێمی و نێودهوڵهتی له زانكۆی ئهمریكی - عێراق – سلێمانی، دەستیپێکردووە، سەکۆیەکە بۆ گفتوگۆ و دیبەیت لە نێوان سەرکردەکاندا لەسەرانسەرى جیهان، ئەمساڵ دەبێتە نۆیەمین دیداری سلێمانی.
بەرهەم ساڵح: گۆڕانکارییەکانى سووریا و گفتوگۆکانى ئێران و ئەمریکا رووداوى گرنگن
د.بەرهەم ساڵح، سەرۆکى دەستەى ئەمیندارانى زانکۆى ئەمریکى لە سلێمانى و سەرۆککۆمارى پێشووى عێراق، لەکاتى پێشکەشکردنى وتەیەک لە رێوڕەسمى دەستپێکى نۆیەمین دیدارى سلێمانى رایگەیاند، دیدارەکە لە هەلومەرجێکى تایبەت و لەکاتێکى هەستیارى ناوچەکە ئەنجامدەدرێت، کە چەند رووداوێکى گرنگ لە ناوچەکەدا روودەدەن، ئەوانیش گۆڕانکارییەکانى سووریا و گفتوگۆکانى نێوان ئەمریکا و ئێران و دۆخى کوردە لە تورکیا.
د. بەرهەم ساڵح سەرۆککۆمارى پێشووى عێراق گوتی، "ئێستا ساتێکى دەگمەن و نایابە لە مێژووى ناوچەکە، زۆر کێشەى مەترسیدار رووبەڕووى ناوچەکە بووەتەوە، هەل و چانسى گەورەش هەیە بۆ بەدەستهێنانى گۆڕانکاری، گۆڕانکارییەکانى سووریا پێویستى بە گفتوگۆى گرنگ هەیە، گفتوگۆکانى نێوان ئەمریکا و ئێرانیش گۆڕانکاریى نوێن، ئەوەشى پەیوەستە بە تورکیا دۆخى کوردە لەو وڵاتە".
گوتیشی، "هەموو ئەمانە بە دەرفەتى گەورە دادەنرێن، دیدارەکە دەرفەتە بۆ گفتوگۆکردن دەربارەى چۆنیەتیى رزگاربوون لەو مەترسییانەى لە ناوچەکە هەیە، ئەم ناوچەیە زۆرى چەشتووە، لە دەیەکانى رابردوودا بەردەوام لە جەنگ و کێشمەکێش بووە، ئێستا کاتى گۆڕانکاریی نوێیە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم دیدارە دەریدەخات چەند کێشەمان هەبێت و ناکۆک بین، دەبێت گفتوگۆ بکەین، خاوەن بڕیار و سەرکردە و سیاسییەکان جیاوازیى بیر و بۆچوونیان وەلاناوە و هەمووان خزمەتى نیشتمانیى کۆیکردووینەتەوە لە پێناو داهاتوویەکى باشتر بۆ گەلەکەمان."
نێچیرڤان بارزانى: شەڕ و ململانێ ئابوورییەکان کاریگەرییان لەسەر ناوچەکەمان هەیە
نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لە نۆیەمین دیدارى سلێمانى وتارێکى پێشکەشکرد و رایگەیاند، کۆڕبەندەکە لەکاتێکدایە ژمارەیەک گۆڕانکاریى جیۆسیاسی ناوچەکەى گرتووەتەوە، کە سروشتى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەگۆڕێت، لەوانەیە گۆڕانکارى لە هەندێک ناوچەى هەرێمیی و جیهانیدا دروستبکات.
نێچیرڤان بارزانى ئاماژەى بەوەشکرد، لە هەرێمى کوردستان باوەڕیان بە گرنگیى هاوکارى و کارى هاوبەش و هەماهەنگى نێودەوڵەتى بۆ رووبەڕووبوونەوەى ئاڵنگارییەکان هەیە.
" پشتیوانى لەو پرۆسەیە دەکەین لە تورکیا دەستیپێکردووە"
سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لەبارەى دۆسییەى کورد لە تورکیا ئاماژەى بەوەکرد، ئەوەى ئەم ماوەیەدا لە تورکیا بۆ ئاشتى هاتووەتە ئاراوە، دەرفەتێکى مێژووییە و بەهەموو شێوەیەک پێشوازی و پشتیوانیى لێدەکەن.
راشیگەیاند، ئەوە دەرفەتێکە بۆ بەهێزکردنى سەقامگیرى لە ناوچەکە و هەڵدانەوەى لاپەڕەیەکى نوێى هاوکاریى بنیادنەرانەیە، کە سوودى بۆ هەموو ناوچەکە دەبێت.
"لەگەڵ چارەسەرى ئاشتییانەى پرسى کوردین لە سووریا"
لە بارەى دۆخى سووریاوە، سەرۆکى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، جێگەى دڵخۆشییە سەرجەم پارت و لایەنەکوردسانییەکان کۆکن لەسەر ئەوەى پرسى کورد لە سووریا بەشێوەیەکى ئاشتییانە چارەسەربکرێت.
هیواشى خواست حکومەتى سووریا بتوانێت سووریایەکى دیموکرات و دابینکەرى مافى سەرجەم پێکهاتەکان دابمەزرێنێت، کە ببێتە سەرچاوەى سەقامگیرى بۆ ناوچەکە.
گوتیشى، پێویستە حکومەتى سووریا رەنگدانەوەى سەرجەم پێکهاتەکانى وڵاتەکەبێت و بەبێ جیاوازى مافى هەمووان پارێزراو بێت.
" گەشەکردنى هەرێمى کوردستان پەیوەستە بەسەقامگیریى عێراقەوە"
لە بارەى پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچەکە و جیهان، نێچیرڤان بارزانى، پایەندبوونى هەرێمى کوردستانى بۆ بەهێزکردنى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچەکە و جیهان دووپاتکردووەتەوە و ئاماژەى بەوەشکرد، بڕواى تەواویان بە کارى هاوبەش و پێکەوەیى لەگەڵ عێراق و وڵاتانى ناوچەکە هەیە بەمەبەستى سەقامگیرى و پەرەپێدانى سەرجەم بوارەکان.
گوتیشى، "هاوکاریى و پێکەوەکارکردنى هەولێر و بەغداد بەردەوام دەبێت و گەشەکردنى هەرێمى کوردستان پەیوەستە بەسەقامگیریى عێراقەوە".
"پابەندبوونمان بە دەستوورى عێراق دووپاتدەکەینەوە"
لە بارەى پەیوەندییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ حکومەتى فیدراڵى، نێچیرڤان بارزانى، گوتى، پابەندبوونى جێگرییان بە دەستوورى عێراق دووپاتدەکەنەوە و پێیانوایە دەستوور بە پرەنسپەکانى فیدراڵى و فرەیى و هاوبەشى، گرەنتى راستەقینەیە بۆ بەدەستهێنانى مافى پێکهاتەکان بەبێ جیاوازى.
سوپاسى هەوڵەکانى سەرۆکوەزیرانى عێراقیشی کرد، کە لە ماوەى رابردوودا رۆڵى گرنگى هەبووە لە چارەسەرکردنى کێشەکان و گوتى، روانگەى سودانى بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان و کەمکردنەوەى ناکۆکییەکان روانگەیەکى دروستە.
"جەخت لە جێبەجێکردنى یاساى موڵکدارى و ماددەی 140 دەکەینەوە"
سەرۆکى هەرێمى کوردستان، راشیگەیاند، جەخت لەسەر جێبەجێکردنى خێراى یاساى گێڕانەوەى موڵک بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان و چالاکتردنى لیژنەى جێبەجێکردنى ماددەى 140ـى دەستوورى عێراق دەکەمەوە.
ئاماژەى بەوەشکرد، بەردەوام دەبین لە گفتوگۆى بونیادنەر لەگەڵ حکومەتى فیدراڵى بۆ گەیشتن بە چارەسەرى هەمیشەیى بۆ هەموو کێشەکان، بەشێوەیەک خزمەت بە بەرژەوەندیى عێراق بکات بەهەموو پێکهاتەکانییەوە، ماف و شایستە دەستوورییەکانى هەمووانیش مسوگەربکات.
"پێویستە پەرلەمانى کوردستان دەستبەکار بێت"
لە بارەى پێکهێنانى حکومەت و هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتیى پەرلەمان، سەرۆکى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، لە دۆخ و ئاڵنگاریى ئێستاى ناوچەکەدا، پێویستە پەرلەمانى کوردستان کارا بکرێت و بۆ ئەوەش ئەرکى لەپێشینەى پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتیى نیشتنمانیى کوردستان و لایەنە براوەکانى هەڵبژاردنە، پەلە بکەن و هەرچى زووە کابینەى دەیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان پێکبهێنن، کە وەڵامدەرەوەى خواستەکانى هاونیشتمانییان بێت.
سودانى: بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق خۆم بەربژێر دەکەم
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەمیانی پانێڵیکدا لە دیداری سلێمانی رایگەیاند، لە هەڵبژاردنی داهاتوودا خۆی بەربژێر دەکات و پابەندیشن بە وادەی هەڵبژاردنەوە.
سودانی ئەوەشی خستەڕوو، ئەم حکومەتە بە پاڵپشتی هێزە سیاسییەکان توانیویەتی پەیامێکى ئەرێنی بگەیەنێت کە پرۆژەی چاکسازییان پێیە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لە داهاتووشدا بەردەوامی دەدەن بەو پرۆژەیەی ئێستا لەم حکومەتە پەیڕەویان کردووە، کە خزمەتگوزاری و چاکسازییە.
سودانی راشیگەیاند، بەدڵنیاییەوە و پابەندین بە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و بە متمانەوە قسە دەکەم، پاڵپشتی هێزە سیاسییەکان، ئەم حکومەتەیان پێکهێناوە، هاوپەیمانیی بەڕێوەبەردنی دەوڵەت و چوارچێوەی هەماهەنگی، توانیویانە پەیامێکى ئەرێنی بگەیەنن بە گەلی عێراق، کە پرۆژەیەکی چاکسازیمان هەیە و ئەمڕۆ هەڵبژاردنەکان دەستکەوت نییە هێندەی ئەوەی دەستکەوت و چانسێکە بۆ پاڵپشتیکردنی ئەنجامدانی چاکسازی و خزمەتی گەلی عێراق بکات.
"پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداد بۆ هونەری و یاسایى گۆڕدراون"
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدادەوە، محەمەد شیاع سودانی ئاماژە بەوەکرد، یەکەمجارە پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە سیاسەت و گفتوگۆیەکی توند و دژبەیەکەوە گۆڕاون بۆ گفتوگۆیەکی هونەری و یاسایى.
سودانی دەشڵێت، لە هەردوولاوە ویستێکی جددی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکیییەکان و لەگەڵ هەرێمى کوردستان زۆرینەى کێشەکانیان تێپەڕاندووە.
سەبارەت بە پرۆژەیاسای نەوت و گاز، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، هەوڵدەدەن لە وادەیەکی نزیکدا و پێش هەڵبژاردن کار لەبارەى پرۆژەیاساى نەوت و گاز دەستپێبکاتەوە، چونکە عێراق پێویستییەکى زۆرى بە یاساى نەوت و گاز هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ یەکەمجارە پەیوەندییەکانی عێراق و هەولێر لە سیاسەت و گفتوگۆیەکی توند و دژبەیەک گۆڕاوە بۆ گفتوگۆىەکی هونەری و یاسایى، بەڵێ ناکۆکی و جیاوازی لە هەندێک بڕگە و ماددە و دەستکەوتەکان دا هەیە، بەڵام لە چوارچێوەیەکی پڕ لە ئیرادە بۆ چارەسەرکردن توانیومانە زۆرێک لە ئاڵنگارییەکان تێپەڕینین.
باسی ئەوەشیکرد، سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان و سیاسییەکانیان بەهەموو پێکهاتەکانیانەوە هاوپەیمانمانن لەم گەشتەدا کە گەشتی بنیادنانی دەوڵەتە، لەبارەی پرۆژەیاسای نەوت و گازەوە، لەسەر ئاستی سیاسی و هونەریی گفتوگۆمان دەستپێکردبوو، بڕیاربوو ئەم گفتوگۆیانە بەردەوامی پێبدرێت، بەگوێرەی دەستوور نەوت و گاز موڵکی سەرجەم گەلی عێراقە و دەبێت لێی سوودمەندبن، بۆیە عێراق پێویستییەکى زۆرى بە یاساى نەوت و گاز هەیە بۆ پەرەپێدان بە وڵاتەکە و گەشتن بە باشترین شێواز بۆ سوودوەرگرتن لەم سامانە، بەڵام دۆخی ئەنجوومەنی نوێنەران و گرنگیی تێپەڕاندنی هەندێک یاسای دیکە وایکرد گفتوگۆمان لەبارەی نەوت و گازەوە بوەستێت، هەربۆیە هەوڵدەدەین بەردەوامی پێبدەین و تێیبپەڕێنین و ئێمە جددین لە ئەم پرۆژەیاسایە و لیژنەی سیاسی و هونەرییمان بۆ پێکهێناوە و هیوادارین بەم نزیکانە دەستبکەنەوە بە گفتوگۆکان.
"پاڵپشتی لە سەقامگیريی سووریا دەکەین"
هاوکات سودانی لە دیداری سلێمانیدا سەبارەت بە دۆخی سووریا گوتی، بەشێوەیەکى فەرمیى ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمارى سووریا بۆ قۆناغى راگوزەر، بۆ لوتکەى عەرەبى لە بەغداد بانگێشتکراوە.
گوتیشى، ئەوان وەکو عێراق گرنگی بە دۆخی سووریا دەدەن.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، گرنگى بە دۆخى سووریا دەدەن و ئەوان پاڵپشتیی ئەو هەوڵانە دەکەن، کە سەقامگیری لە سووریا و ناوچەکە بەرقەرار دەکات.
سودانى باسیلەوەشکرد، بەهۆى رووداوەکانى سووریاوە، چالاکییەکانى داعش زیادیانکردووە.
سودانی ئاماژەی بەوەشکرد، پاڵپشتیی هەموو ئەو هەوڵانە دەکەین، کە سەقامگیریی بەرقەرار دەکەن، ئێمە لایەنێک نین لە بەرەی گرژییەکان، ئەمە بێلایەنییەکی نەرێنی نییە هێندەی سیاسەتێکی پاراستنی هاوسەنگییە، جگەلەوەی لە لوتکەی عەرەبیدا بانگێشتی فەرمی بۆ شەرع کراوە و ئەو لوتکەیەش رووداوێکی گرنگە و شایستەی عێراقە و گفتوگۆ عەرەبییەکان لەخۆ دەگرێت و پێشوازی لە بەرپرس و سەرکردە عەرەبەکان لەناوچەکە دەکات، ئێمە لە لوتکەکەدا بەتەنیا رۆڵی میواندار ناگێڕین، بەڵکو رۆڵێکی بڕیاردەر و کاریگەرمان دەبێت لە هەڵوێست و بڕیارەکان کە باس لە چارەسەری زۆرێک لە بابەتەکان دەکەن و ئامادەکارییەکان بەردەوامن، کە جەختدەکاتەوە لەوەی عێراق دێتەوە مەیدانی عەرەبیی کاریگەر.
"بە دڵنیاییەوە دانوستانەکانى ئێران و ئەمریکا کاریگەریان لەسەر عێراق دەبێت"
هەر لەمیانی بەڕێوەچوونی پانێڵێک لە نۆیەمین دیداری سلێمانی، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی؛ ئەو دانوستانانەی ئێسات لەنێوان ئێرانو ئەمریکا بەڕێوەدەچێت پرسێکە کاریگەریی دەبێت لەسەر ناوچەکە و عێراق دەستپێشخەربووە لەگەڵ هەردوو وڵات بۆ بەرەوپێشبردنی گفتوگۆکان.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانیشیان لەگەڵ ئەمریکا، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، پەیوەندییەکى ستراتیجیمان لەگەڵ ئەمریکا هەیە، جگەلەوەی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بۆ راوێژکارییە.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی، دانوستانی راستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆی ئێران و واشنتن پرسێکی پەیوەستە بە دوو وڵاتەکەوە، بەڵام کاریگەری هەیە لەسەر ناوچەکە و عێراقیش بە حکومی پەیوەندی تایبەتمەندییەوە دەستپێشخەربوو لەگەڵ هەردوو وڵات بۆ بەرەوپێشبردنی گفتوگۆکان لەبری تەنکەژە کە کاریگەریی دەبێت لەسەر سەقامگیری وناوچەکە و پێشوازییمان لەم گەڕەی دانوستانەکان کرد و هیوادارین بەردەوامبێت بەشێوەیەک گرەنتی و راستگۆییانە و هەردوولا پابەندییەکانیان بەجێبگەیەنن و بەدڵنیاییەوە ئەنجامەکانی ئەم دانووستانەش کاریگەریی ئەرێنی دەبێت لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە، هاوکات پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریکا پەیوەندییەکی ستراتیجییە و عێراق پێداگرە لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکە لە چوارچێوەی دامەزراوەیی.
نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە دیداری سلێمانی: عێراق لەبەردەم هەڵبژاردنێکى چارەنووسسازدایە
محەمەد حەسان، نوێنەرى تایبەتى سکرتێرى گشتیى نەتەوەیەکگرتووەکان لەعێراق لە نۆیەمین دیداری سلێمانی رایگەیاند، پێویستە لایەنە سیاسییەکانى عێراق پابەندبن بە دیدگایەکى نیشتمانی و دووربکەونەوە لە شەڕى تائیفی کە پیلانى دەرەکییە.
گوتیشى، هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عێراق هەڵبژاردنێکى چارەنووسسازە و گرنگە بۆ سەقامگیریى دۆخى وڵاتەکە.
محەمەد حەسان نوێنەرى تایبەتى سکرتێرى گشتیى نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق راشیگەیاند، "ئێستا کاتى ئەوەیە نەخشەیەکى نوێ بۆ داهاتوو دابنێین، بەتایبەت لە عێراق، عێراق زۆر کێشەى تێپەڕاند، داواکاریمان ئەوەیە پلانێک بۆ دروستکردنى دەوڵەتێکى هاوسەنگ دابنێن، دەوڵەتێک رێز لە هاوڵاتى بگرێت، داواکارم دووربکەونەوە لە ناکۆکى تائیفى کە پیلانى دەرەکی".
حەسان ئەوەشی گوت، "عێراق دەچێتە قۆناغێکى نوێ و پێویستى بە نێردەى وڵاتان نابێت و ئەرک و چالاکییەکانمان کۆتایی دێت، بەڵام عێراقییەکان بەردەوام دەبن لە بنیادنانى وڵاتەکەیان و لەبەردەم هەنگاوێکى گرنگیشدان کە هەڵبژاردنەکانى مانگى تشرینى دووەمە، هیوادارین عێراق لەو هەنگاوە سەرکەوتوو بێت و سەرکەوتنى عێراقیش بۆ چەسپاندنى ئاسایش و سەقامگیرى و داهاتووى وڵات گرنگە".
عەممار حەکیم: بە بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە خۆشحاڵین و هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجامدەدرێت
عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی، خۆشحاڵن ئەنجوومەنی نوێنەران ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆی بەرامبەر شەهیدان و قوربانییانی هەڵەبجە بەجێگەیاند و شارەکەی وەک پارێزگایەکی فەرمی ناساند.
لە پەراوێزى دیدارى سلێمانى عەممار حەکیم گوتیشی، هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجامدەدرێت و لە وەڵامی پەیامنێری کەناڵ8ـشدا، سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی لەپاش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان، سەرۆکی رەوتی حیکمە رایگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی بەردەوامدەبێت.
چوارچێوەی هەماهەنگی، هاوپەیمانێتییەکە لە نێوان زۆرینەی لایەنە شیعەکانی عێراق لە ئازاری 2021ـەوە پێکهێنراوە و لەئێستادا پێکەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، خاوەنی 130 کورسین، ئامانج لێى کۆکردنەوەی لایەنە شیعەکانە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکەدا.
عەممار حەکیم زیاتر روونی کردەوە و گوتی، "زۆر خۆشحاڵین کە ئەنجوومەنی نوێنەران ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆی بەرامبەر و قوربانی و شەهیدانی هەڵەبجە بەجێگەیاند و شارەکەی وەک پارێزگایەکی فەرمی ناساند و چەند مانگێک لەمەوبەر شەرەفمەندبووم سەردانی شارەکە بکەم و بنەڵێنمان بە خەڵکەکەی دا بەدوای دۆسییەکەدا دەچین و خۆشحاڵین بەدواداچوونەکان بووەهۆی دەنگدان لەسەر بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەکە و رێز و خۆشەویستیمان هەیە بۆ هەڵيبجە و قوربانییەکانی لەگەڵ سلێمانی".
عەمار حەکیم گوتیشی، پشتیوان بەخودا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی لە وادەی خۆیدا ئەنجامدەدرێت و هەروەها چوارچێوەی هەماهەنگیش لە پاش هەڵبژاردنەکان دەمێنێتەوە.
نێچیرڤان بارزانى و محەمەد شیاع سودانى لە سلێمانى کۆبوونەوە
لە پەراوێزى دیدارى سلێمانى، محەمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیرانى عێراق و نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەى پەیوەندییەکانى نێوان حکومەتى فیدراڵ و حکومەتى هەرێمى کوردستان کرد.
بەگوێرەى راگەیەندراوى کۆبوونەوەکە، گفتوگۆ لەبارەى دۆخى گشتیی عێراق و پەیوەندییە هاوبەشەکان کراوە و هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانى پەیوەندییەکان و هاوکاریی نێوان هەردوو حکومەت کردووەتەوە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، هەردوولا جەختیان لە گرنگى دابینکردنى مافى پێکهاتەکان بەگوێرەى دەستوور و هاوکاریکردنى نێوان لایەنە سیاسییەکان کردووەتەوە.
سەرۆکوەزیرانى عێراق ئەمڕۆ لە دیدارى سلێمانى بەشداریکرد و رایگەیاند، لە هەڵبژاردنى داهاتووى عێراق کە بڕیارە لە مانگى تشرینى دووەم ئەنجام بدرێت، خۆى بەربژێر دەکات.
مەسرور بارزانی: لە بابەتی مووچە سەرجەم پابەندییەکانی خۆمان جێبەجێکردووە
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، جێگەی داخە دابەشکردنی مووچە دەبێتە هەواڵ و پێویستە حکومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەران دابینبکات و هەرێمی کوردستان سەرجەم پابەندییەکانی خۆی لەبابەتی مووچە و نەوتدا جێبەجێکردووە و ئەوەی ماوەتە، لەسەر حکومەتی عێراقە.
مەسرور بارزانی، دوای بەشدارییکردنی لە پانێڵێکی نۆیەمین دیدارى سلێمانی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵ8 گوتی، پێشتر لەگەڵ حکومەتی عێراق رێککەوتووین و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی هەیە کە نابێت پرسی مووچە پەیوەستی پرسە سیاسییەکان بکرێت.
گوتیشی، هەرێمی کوردستان سەرجەم پابەندییەکانی خۆی لەهەردوو پرسی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتدا جێبەجێکردووە، ئەوەی ماوەتەوە لەسەر حکومەتی فیدڕاڵییە.
سەرۆکى بەرەى گەل: بەشدارى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق دەکەین
لاهور شێخ جەنگى، سەرۆکى بەرەى گەل لە نۆیەمین دیدارى سلێمانى رایگەیاند "بە دڵنیاییەوە بەشداریى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق دەکەین، بەڵام نازانم بە چ شێوازێک".
راشیگەیاند، ئێمە پۆستمان بەلاوە گرنگ نییە، بەڵکو گرنگە حکومەتێکى سەرتاسەرى بێت، کە بتوانێت داخوازییى هاونیشتمانییان جێبەجێبکات".