سەمیر هەورامى: سبەى پارتى و یەکێتى لە سلێمانى کۆدەبنەوە

سەمیر هەورامى گوتەبێژى جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان لە لێدوانێکى رۆژنامەوانیدا لە میانەى دیدارى سلێمانى رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ پۆستێک لەنێوان یەکێتى و پارتى یەکلایینەکراوەتەوە.
راشیگەیاند، "بڕیارە سبەى لە سلێمانى بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى دابەشکاریی پۆستەکان شاندى دانوستانکارى هەردوولا کۆببنەوە".
هەروەها گوتیشى، "کۆبوونەوەکانى رابردوو لەسەر ئامادەکردنى رەشنووسى دیدگاى هاوبەش بووە، ئەوە رێککەوتنى لەسەرکراوە و دەبێتە بەشێک لە کارنامەى کابینەى دەیەم".
"هەفتەى داهاتوو لیستى مووچە رەوانەى بەغداد دەکرێت"
لەبارەى مووچەوەى مانگى نیسانەوە، سەمیر هەورامى گوتەبێژى جێگرى سەرۆکوەزیران گوتی، "لیستى مووچەى مانگى نیسان بە سیستمى پەیڕۆڵ ئامادەکراوە و سەرەتاى هەفتەى داهاتوو رەوانەى بەغداد دەکرێت".
گوتیشى، "تەمویلى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان دەکەوێتە دواى دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەرانى عێراق".
دیداری سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی نیسان لە زانکۆی ئەمریکی لە شاری سلێمانی دەستیپێکرد و بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت. بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر دیداری سلێمانی کلیک بکە.