پێشەوا هەورامانی: بەغداد ئامادەنییە نەوتى هەرێمى کوردستان هەناردە بکاتەوە

test
پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ستۆدیۆی تایبەتی کەناڵ8 لە دیداری سلێمانی

پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ستۆدیۆی تایبەتی کەناڵ8 لە دیداری سلێمانی رایگەیاند، رێکارێکی کەمی تەکنیکی بۆ ناردنی لیستی مووچەی مانگی چوار ماوە و لە رۆژانی داهاتوودا لیستەکە بۆ بەغداد دەنێردرێت.

گوتیشى، تیمە تەکنیکییەکان دەچنە بەغداد و کەموکوڕییەکان ناهێڵن، ئەگەر پابەندیی هەبێت، دەتوانن دوای 25ـی مانگ مووچەی مانگی نیسان دابەشبکەن.

"لەگەڵ تورکیا ئامادەین بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت"

هاوکات سەبارەت بە پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و زیانی راگرتنى هەناردەکردن، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، کەمتەرخەمی لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت زیانی یەکەمی بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق بووە و زیانەکەشی نزیک دەبێتەوە لە 27 ملیار دۆلار.

پێشەوا هەورامانی روونیشیکردەوە، هۆکاری دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان نازانن.

ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا و هەرێمی کوردستان ئامادەن بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، بەڵام بەغداد ئامادەنییە و هۆکاری چارەسەرنەکردنی ئەو پرسەش بە تەمومژاوی ماوەتەوە.

"لە هەڵەبجە گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ و گەشتیاریی دەدرێت"

پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە نۆیەمین دیداری سلێمانی لەبارەی کارنامە و پرۆژەی نوێ بۆ پارێزگای هەڵەبجە بە کەناڵ8ـی راگەیاند: "ئاسانکاریی تەواو دەکرێت بۆ سەرجەم ئەو وەبەرهێنەرانەی لە هەڵەبجە کاری وەبەرهێنان ئەنجامدەدەن و سەرجەم لەمپەرەکان لەبەردەمیان لادەبرێت".

گوتیشی: "لە پارێزگاکەدا بەتایبەتی گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ و گەشتیاریی دەدرێت و هەوڵدەدرێت زۆرترین گەشتیار رابکێشرێت بۆ ناوچەی هەوارامان".

"هیچ ماف و مووچەیەکی خانەنشینانی نوێ نافەوتێت"

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ستۆدیۆى تایبەتى کەناڵ8 لە نۆیەمین دیداری سلێمانی دڵنیاییدا بە خانەنشینانی نوێ دا، کە هیچ ماف و مووچەیەکیان نافەوتێت و پاش ئەنجامدانی رێکارە ئیدارەکانیان، سەرجەم مووچە و شایستە دارییەکانیان پێدەدرێت.

هاوکات هۆکاری سستی بەڕێوەچوونی رێکارەکانی خانەنشینانی گەڕاندەوە بۆ ئەو فشارە زۆرەی لەسەر بەڕێوەبەرایەتییەکانە، بەهۆی زۆریی ژمارەی خانەنشینان.

لەبارەی 100 هەزار دیناری خانەنشینانەوە، پێشەوا هەورامانى گوتی، لەگەڵ بەغداد لە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو پرسەدان.

loading....