دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا ئێرانییەکانى کردووە بە دووبەشەوە

دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا ئێرانییەکانى کردووە بە دووبەشەوە و بەشێک لەگەڵ دانوستان و بەشێکى دیکەیان دژین، تەنانەت خامنەییش بەتەواوى ئومێدى بە دانوستانەکان نییە.
بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران، بۆ دووەمجار لەماوەى حەوت رۆژدا، ئەمریکا و ئێران لەسەر مێزی دانوستانەکان کۆدەکاتەوە.
بەرپرسانی باڵاى هەردوو وڵات خولی یەکەمی دانوستانەکەیان بە بنیادنەر ناوبرد، بەڵام بەشێک لە ئێرانییەکان دژی دانیشتن و دانوستانی وڵاتەکەیانن لەگەڵ ئەمریکا.
دژبەرانی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا دەڵێن، ناکرێت و نابێت لەگەڵ بکوژی قاسم سولەیمانی، گفتوگۆ و دانوستان بکرێت.
ئەم دەنگە دژبەرانە، پێشتر لە سەردەمی حەسەن رۆحانیدا سەریانهەڵدا و لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی رابردووی سەرۆککۆماری وڵاتەکەش، هەموو هەوڵێکیاندا سەعید جەلیلی بەربژێری نەریتخوازەکان، بەرامبەر پزیشکیان سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، کە دژ بە ئەمریکایە.
دژبەرانى دانوستان لەگەڵ ئەمریکا نەک تەنیا لە ناو بەرپرسان، بەڵکو شەقام و چین و توێژەکانى گۆمەڵگەی ئێرانیشى گرتووەتەوە، بە گوێرەی میدیایی ئێران بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی لە سەرانسەری ئێران بە گشتی هەڵوێستێکی نەرێنییان بەرامبەر بە دانوستانەکان هەیە.
ئیمامی نوێژی هەینی شاری قوم دەڵێت، دوژمنان دەیانەوێت ئێمە وەک ئەو مانگایەبین کە شیر دەدات.
بەشێک له خوێندکارانی ئایینی شارەکەش هەڕەشەیان له دانوستانکاران کردووه به هەڵگرتنی دروشمێک کە نووسراوە، "ئەی ئەو کەسانەی دانوستان دەکەن، مەلەوانگەی فەرەح چاوەڕێتان دەکات" کە ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەو مەلەوانگەیەیە، کە هاشمی رەفسنجانی تیایدا گیانى لەدەستدا.
لە پەرلەمانی ئێرانیش، دەنگەکان بوون بە دوو بەشەوە بەشێک لە نوێنەران دژ بە تیمی دانوستانکاری ئێران قسە دەکەن و بەشێکى دیکەیان پشتیوانی تیمى دانوستانکارى وڵاتەکەیانن.
نیگەرانییەکان دژى دانوستان ژنانى ئێرانیشى گرتووەتەوە، بەشێک لە ژنان لەبەردەم وەزارەتی دەرەوەى ئێران گردبوونەوە و داواى کۆتاییهێنان بە دانوستانەکان دەکەن.
لە دوایین لێدوانیدا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران رایگەیاند، نە زۆر گەشبینە بە دانوستانەکە و نە زۆر رەشبینیشە.
خامنەیی گوتیشی، ئەوان باش ئەمریکییەکان دەناسن رەشبینە پێیان، داواشی لە بەرپرسانی ئێران کرد بابەتە ناوخۆییەکانی وڵاتەکە نەبەستەنەوە بە دانوستانەکەوە.
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکاش لە تۆڕی ئێکس دوایین مەرجی وڵاتەکەی بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران ئاشکراکرد و گوتی، "ئەوکاتە رێککەوتن لەگەڵ ئێران دەگاتە ئەنجام، تاران بەتەواوی دەست لە پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرنامە ئەتۆمییەکەی هەڵبگرێت".
ئێران و بەشێک لە وڵاتانى جیهان چاوەڕوانى شەممەى داهاتوون، تاوەکو دووەم دانوستانى نێوان ئێران و ئەمریکا بەڕێوەبچێت و ئەنجامەکەشى هەرچییەک بێت، هەردوو وڵات و جیهان بە گرنگییەوە سەیرى دەکەن.