پزیشکانی بێسنوور: غەززە بووە بە گۆڕێکی بەکۆمەڵ بۆ فەڵەستینییەکان

رێکخراوى پزیشکانی بێسنوور رایگەیاند، غەززە بووە بە گۆڕێکی بەکۆمەڵ بۆ فەڵەستینییەکان و هێرشەکانی ئەمدواییەی ئیسرائیلیش بۆسەر تیمی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان، پیشانیدا ئیسرائیل رێز لە کارمەندانی تەندروستی و هاوکارییە مرۆییەکان ناگرێت و پاراستی گیانیانی لەلا گرنگ نییە.
رێکخراوەکە لە راپۆرتێکدا لە ماڵپەڕی تایبەتی خۆی بڵاویکردەوە، پاش دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل لە ١٨ـی ئازاری رابردووەوە، زیاتر لە هەزار و 500 کەس لە غەززە کوژراون، کە زۆربەیان هاوڵاتی سڤیلن و ژن و منداڵیان تیادایە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لەماوەی جەنگی غەززەدا 409 کارمەندی رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و بەشێکیش لە تیمە پزیشکییە نێودەوڵەتییەکان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون.
دەشڵێت، رۆژی 30ـی ئازاری رابردوو، تەرمی ١٥ کارمەندی فریاگوزاریی خێرا لەکاتی بەدەمەوەچوونی ئەمبوڵانسێکی دیکە لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا دۆزرانەوە، کە بە مەبەست و بەبێ هیچ هۆکارێک لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە درابوونە بەر دەستڕێژی گوللـە.
رێکخراوى پزیشکانی بێسنوور داوای لە بەرپرسانی ئیسرائیل کرد، دەستبەجێ ئابڵوقەی سەر هاوکارییە مرۆیی و پزیشکییەکان بۆ غەززە هەڵگرێت و هەوڵی گەیشتن بە رێککەوتنێک بدەن، بۆ راگرتنی ئاگری جەنگەکە.
جەختیش دەکاتەوە، پشتیوانیی بێ مەرجی ئیسرائیل لەلایەن هاوپەیمانەکانی و ئەو بێدەنگییەی لەسەر ئاستی جیهان هەیە، هاوکاریی ئیسرائیل دەکات، بەردەوامبێت لەسەر ئەم کارانەی.