نیشانەکانی شێرپەنجەی پێست چین؟
گران جاف 16/04/2025

لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8، د. فێنک جەبار یاوەر، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست، باسی لەو نیشانانەی شێرپەنجەی پێست کرد کە نابێت پشتگوێبخرێن.
ئێستا بەهۆی باشتربوونی هۆشیاریی تەندروستیی هاونیشتمانییانەوە سەبارەت بە شێرپەنجەی پێست، وایلێهاتووە هەرکەسێک پەڵەیەکی پێستی بۆ دروستببێت، وادەزانێت تووشی شێرپەنجەی پێست بووە، بەڵام ئەمە هەڵەیە چونکە مەرج نییە هەموو پەڵەیەک شێرپەنجە بێت.
د. فێنک جەبار یاوەر، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست
بە گشتی نیشانەکانی شێرپەنجەی پێست دەکرێت ئەمانە بن:
- دروستبوونی لەناکاوی خاڵێکی پێست
- هەبوونی چەند خاڵێکی پێست کە گۆڕانکارییان بەسەردادێت، بۆ نموونە قەبارەکەی گەورەتردەبێت، بەرزدەبێتەوە، رەنگەکەی دەگۆڕێت، چوارچێوەکەی شێوازێکی نائاسایی و ناڕێکی هەیە
- خاڵێک کە نیشانەی دیکەی بۆ دروستبێت واتە لەوانەیە بخورێت یان خوێنیلێبێت
- دروستبوونی لەناکاوی پەڵەیەک لەسەر رووخسار یان لە شوێنێک کە تیشکی هەتاوی زۆر بەردەکەوێت و زۆر بە خێرایی گەشەدەکات، لە کاتێکدا کەسەکە پێشتر ئەم پەڵەیەی نەبووە، هەروەها ئەم پەڵەیە بە کەمترین بەرکەوتن و زەبر تووشی خوێنبەربوون دەبێت یان ئازاری بۆ دروستدەبێت
ئەو هۆکارانە چین مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست زیاددەکەن؟
- رەنگی پێست: ئەو کەسانەی رەنگی پێستیان سپییە مەترسیی تووشبوونیان زیاترە
- مێژووی خێزانی: ئەگەر کەسێک لە خێزانێکدا نەخۆشییەکەی هەبێت، ئەندامە پلەیەکەکانی هەمان خێزان مەترسیی تووشبوونیان زۆرە
- تیشکی خۆر: ئەو کەسانەی بەشێکی زۆری ژیانیان تیشکی خۆریان بەرکەوتووە، ئەمەش بەهۆی بەرکەوتنی زۆری پێست بە تیشکی سەرووبنەوشەیی کە تیشکێکی زیانبەخشە، مەترسیی تووشبوونیان زۆرە
loading....