نەشتەرگەریی دڵ بۆ سڕی سوورەیا ئۆندەر ئەنجامدرا

test
سری سورەییا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمراڵی

درەنگانی شەوی رابردوو، سڕی سوورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمراڵی و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، جەڵتەی دڵ لێیدا و گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی ئیستانبوڵ.

لە پشکنینەکانەوە دەرکەوتووە، خوێنبەرەکانی دڵی دڕاون و بەو هۆیەشەوە، دوو جار دڵی لە لێدان کەوتووە و لە رێگەی بووژانەوەی دڵەوە دڵی کەوتووەتەوە لێدان.

دوای نیو کاتژمێر لە گەیاندنی بە نەخۆشخانە، نەشتەرگەریی دڵ بۆ ئۆندەر ئەنجامدرا و نەشتەرگەرییەکەش ماوەی 12 کاتژمێری خایاند.

تیمی پزیشکیی نەخۆشخانەکە رایگەیاند، هەرسێ خوێنبەرەکەی دڵی ئۆندەر تووشی دڕان هاتوون و بەوهۆیەوە نەشتەرگەرییەکی قورسی بۆ ئەنجامدرا. کە پزیشکی سەرەکی تیمەکە رایگەیاند، یەکێک لە ئاڵۆزترین نەشتەرگەرییەکانی ژیانی پزیشکیی بووە ئەنجامیدابێت.

دوای نەشتەرگەرییەکە ئۆندەر براوەتە ژووری چاودێریی چڕ و لەژێر چاودێریی وردی پزیشکیدایە.

بەگوتەی تیمی پزیشکیی نەخۆشخانە، رەوشی تەندروستیی ئۆندەر ناجێگیرە و هێشتا مەترسیی لەسەر ژیانی هەیە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە ماوەی چەند کاتژمێری رابردوودا، دوو جار پەیوەندی بە پەروین بوڵدان و جەرەن ئۆندەر کچی ئۆندەرەوە کردووە و پێی گوتوون، ئامادەی هەر جۆرە کارێکی پێویستن بۆ ئۆندەری ئەنجامبدەن.

هاوکات مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەریمی کوردستان و سەرۆکی پارتە سیاسییەکانی تورکیا پەیوەندییان بە بەرپرسانی پارتی دەمەوە کرد و هیوای چاکبوونەوەیان بۆ ئۆندەر خواست.