بافڵ جەلال تاڵەبانى و محەمەد شیاع سودانى لە دەباشان کۆبوونەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دەباشان کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان لەبارەى پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد کرد.
بەگوێرەى راگەیەندراوى سەرۆکى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە دیدارێکدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران ئامادەیبوو، گفتوگۆ لەسەر دۆسییەکانی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد کراوە، هاوکات جەخت لە هەوڵەکان بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە کێشەکانی ناوچەکە کراوەتەوە.
هەروەها بافڵ جەلال تاڵەبانی و محەمەد شیاع سودانی باسیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کردووە و جەختیان لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کردووەتەوە.
هاوکات، بافڵ جەلال تاڵەبانى، هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانی روونکردووەتەوە و رایگەیاندووە ، " ئامانجیانە کابینەی نوێ داواکاریی هاونیشتمانییان جێبەجێبکات و ببێتە هۆی بەهێزترکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لە نزیککردنەوەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەرزنرخاندووە و باسی لەو هەوڵانە کردووە، لە سەردەمی مام جەلالەوە تاوەکو ئێستا بەردەوامیان هەیە بۆ دروستکردنی یەکڕیزی لەنێوان لایەنەکاندا.
_
_