عێراق نیگەرانە لە لێدوانێکی سەرۆکی لوبنان لەبارەى حەشدی شەعبی

test
باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق

وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەمەبەستی گەیاندنی ناڕەزایی دژی لێدوانێکی جۆزیف عەون، سەرۆکی لوبنان لەبارەی حەشدی شەعبی، باڵیۆزی ئەو وڵاتە بانگێشتدەکات.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، "عەلی حەبحاب، باڵیۆزی لوبنانیان لە بەغداد بانگێشتکردووە و نیگەرانی خۆیان پێی راگەیاندووە، بەهۆی لێدوانێکی جۆزیف عەون، سەرۆکی ئەو وڵاتە کە گوتبووی، وڵاتەکەی لەبارەى چەکدارانی حیزبوڵاوە، ئەزموونی حەشدی شەعبی دووبارە ناکاتەوە، کە وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ لەناو هێزەکانی سوپادا بن.

مەحمەد بەحر ئەلعلوم، بریکارى وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاندووە، "حەشدی شەعبی بەشێکی گرنگی سیستمی ئەمنی و سەربازیی عێراقە و دامەزراوەیەکی فەرمی و یاساییە".

راشیگەیاندووە، "لێدوانەکەی سەرۆکی لوبنان لەجێی خۆیدانەبوو، پێویست نەبوو عێراق لە کێشە ناوخۆییەکانی لوبنانەوە تێوەبگلێنێت یاخود دامەزراوەیەکی فەرمیی عێراق بە نموونە بهێنێتەوە".

بریکارى وەزارەتی دەرەوەی عێراق، هیوایخواستووە سەرۆکی لوبنان لێدوانەکەی راستبکاتەوە، بەشێوەیەک پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات پتەوتربێت.

باڵیۆزی لوبنان، بەڵێنیداوە تێبینی و نیگەرانییەکانی عێراق بگەیەنێت بە سەرۆکی وڵاتەکەی و کاربکرێت لەسەر راستکردنەوەی ئەوەی کە روویداوە.

loading....