فینلەندا سنوورەکانی بەداخراوی لەگەڵ رووسیا دەهێڵێتەوە

حکومەتی فینلەندا داخستنی سنوورەکانی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی لەگەڵ رووسیا بۆ کاتێکی نادیار درێژکردەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە، کە لە مانگی کانوونی دووەمی 2023 وە بڕیاری داخستنی دەرکردووە.
حکومەتی فینلەندا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوەدەکات، مەترسیی دەستپێکردنەوە و فراوانبوونی کۆچی نایاسایی و بەکارهێنانی وەکو ئامرازێک دژ بە وڵاتەکەیان هێشتا کارایە، دەشڵێت، ئەگەر ئەم دیاردەیە بەردەوام بێت، مەترسییەکی راستەقینە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکە دروستدەکات.
ئەوەشیان خستووەتەڕوو، کە داوای پاراستنی نێودەوڵەتیان بۆ دەروازە سنوورییەکانی وڵاتەکەیان کردووە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، کە حکومەتی فینلەندا چەندین جار رووسیای بە بەکارهێنانی کۆچبەرانی نایاسایی وەکو کارتی فشار لەسەر وڵاتەکەیان تۆمەتبارکردووە، بەتایبەت دوای ئەوەی نزیکەی هەزار کۆچبەری لە ساڵانی پێش 2023دا گەیشتنە ئەو وڵاتە کە هەزار و 340 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ رووسیادا هەیە.
لە مانگی ئازاری رابردوودا، حکومەتی فینلەندا پێشنیازی کرد یاسای کاتیی ئاسایشی سنوورەکان بۆ ماوەی ساڵێک درێژبکرێتەوە، کە رێگە بە پاسەوانانی سنوور دەدات، لە هەندێک بارودۆخدا، راستەوخۆ داوای پەنابەریی کۆچبەران رەتبکەنەوە.
حکومەتی فینلەندا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە بڕیاری داخستنی سنوورەکان و درێژکردنەوەی یاسای کاتی ئاسایشی سنوورەکان ئامانجی خوازراوی بەدەستهێناوە و لە ئێستادا جموجوڵی کۆچبەری بە ئاراستەی فینلەندا وەستاوە.